له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی هه‌فته‌یه‌كی نوێی بازاڕی بۆرسه، نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی دنیا رووی له كه‌مبوونه‌وه كرد و هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ش بۆ دۆخی چین ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی كه‌ره‌نتین له چین دژی بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری كۆرۆنا و مه‌ترسییه‌كانی سستبوونه‌وه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری دنیا و دابه‌زینی داخوازی، نرخی نه‌وت رووی له دابه‌زین كرد و دابه‌زینه‌كه‌ش له كاتێكدایه له كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو، نرخی نه‌وت له‌ژێر كاریگه‌ریی مه‌ترسییه‌كانی كه‌رتی پیشه‌سازی له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی خستنه‌ڕووی نه‌وت، هه‌ڵكشابوو.
به‌گوێره‌ی
dailyfx نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت، له 111 دۆلار و 16 سه‌نته‌وه بۆ 109 دۆلار و 97 سه‌نت دابه‌زی. هاوكات نرخی نه‌وتی تێكساسیش له 110 دۆلار و نۆ سه‌نته‌وه بۆ 109 دۆلار و 30 سه‌نت دابه‌زی.
له ماوه‌ی رابردوودا دوو هۆكار زۆرترین كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زینی نرخی نه‌وت هه‌بووه، یه‌كه‌میان پێوه‌ندیداره به پرسی كه‌ره‌نتینی كۆرۆنا له چین كه نرخی نه‌وت داده‌به‌زێنێت، دووه‌میشیان نیگه‌رانییه‌كانی وڵاتانی دنیایه له كه‌مبوونه‌وه‌ی زیاتری خستنه‌ڕووی نه‌وت و ئه‌مه‌ش زۆرترین كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت.
جه‌نگی ئۆكراینا وایكردووه ئاستی خستنه‌ڕووی نه‌وت كه‌م ببێته‌وه و ئۆپیكیش نه‌یتوانیوه یان حه‌زی نه‌كردووه ئه‌و بۆشاییه پڕ بكاته‌وه، له دۆخێكیشدا كه خستنه‌روو له خوارووی داخوازی بێت، ئه‌وا نرخی نه‌وت رووی له به‌رزبوونه‌وه ده‌كات.
بریتی بووه له بڕیارێكی ئه‌مه‌ریكا كه رێژه‌ی سوودی بانكی به‌رز كردووه‌ته‌وه
له‌لایه‌كی تره‌وه جگه له پرسی كه‌ره‌نتین، هۆكارێكی تر كه له ماوه‌ی رابردوو نرخی نه‌وتی دابه‌زاندووه و به‌رانبه‌ر ئه‌و هۆكارانه وه‌ستاوه نرخی نه‌وتیان به‌رز كردووه‌ته‌وه، بریتی بووه له بڕیارێكی ئه‌مه‌ریكا كه رێژه‌ی سوودی بانكی به‌رز كردووه‌ته‌وه، ده‌بێته هۆی سستكردنی بازاڕه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و دنیا. جگه له‌مه نرخی دۆلاریش بۆ به‌رزترین ئاستی له‌وه‌ته‌ی 20 ساڵی رابردوو هه‌ڵكشاوه و ئه‌وه‌ش به‌و واتایه‌یه نه‌وت گرانتر ده‌ستی كڕیار ده‌كه‌وێت.
له‌وه‌ته‌ی جه‌نگی ئۆكراینا ده‌ستی پێ كردووه، به‌گشتی نرخی نه‌وت هه‌ر له سه‌رووی 100 دۆلار فرۆشراوه و ئه‌گه‌ر هه‌ندێك جار بۆ خوارووی 100 دۆلار دابه‌زیبێت، خێرا گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌رووی 100 دۆلار و ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌ك تا نزیكه‌ی 140 دۆلاریش هه‌ڵكشا. رووسیا به یه‌كێك له دابینكه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌وت و گاز له دنیادا هه‌ژمار ده‌كرێت، بۆیه ئه‌و سزایانه‌ی خراوه‌ته سه‌ری وایكردووه، قه‌باره‌ی خستنه‌ڕووی نه‌وت له بازاڕه‌كاندا به‌راورد به قه‌باره‌ی داخوازی، كه‌م بكات و نرخی نه‌وتیش به نرخێكی به‌رز بفرۆشرێت.