ئێران حەوت هاووڵاتیی هەرێمی كوردستانی ڕفاند

:: AM:11:56:16/05/2022 ‌
ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی كۆكردنەوەی گژوگیای بەهارە، ڕوویان لە ناوچە كوێستانییەكان كردووە، بەڵام لەلایەن بنكە سەربازییەكانی ئێران تەقەیان لێ‌ كراوە، بەهۆیەوە یەكێك بریندارە و ئەوانی تریش گیراون.

لە وەرزی بەهارە هاووڵاتییەكی زۆری هەرێمی كوردستان بەمەبەستی كۆكردنەوەی گژوگیای بەهارە، روو لە ناوچە سنوورییەكان دەكەن، ئێوارەی دوێنێ‌ حەوت هاووڵاتی لەلایەن بنكە سەربازییەكانی ئێران گیراون.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی ئایار، نەهرۆ عەبدوڵا بەڕێوەبەری شارەدێی سەنگەسەری سەربە شارۆكەی قەڵادزێ‌، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوێنێ‌ حەوت هاووڵاتیی سنووری سەنگەسەر لە كوێستانەكانی قەندیل لەلایەن پاسدارانی ئێرانەوە گیراون.

زیاتر گوتی، ئەو گیراوانە تا ئێستە ئازاد نەكراون، پێش گرتنیان تەقەیان لێ كراوە و هەڵاتوون، یەكێكیان قاچی شكاوە و بەجێیان هێشتووە، ئەوانی تریش گیراون، هەروەها ئێستە لەڕێی كونسوڵی ئێرانەوە لە هەوڵداین بۆ ئازادكردنیان.

"وشە" لە كەسانێكی ئەو سنوورە زانیویەتی لە ماوەی ئەم مانگەدا، ئەوە سێیەم حاڵەتی تەقەكردنە كە لەلایەن بنكە سەربازییەكانی ئێران لە هاووڵاتییانی ئەو سنوورە دەكرێت.

"وشە" بۆ زانیاریی زیاتر پێوەندی بە بەكر بايزی قایمقامی قەڵادزێ‌ كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.

ماوەیەكە پاسەوانانی سنووری ئێران تەقە لەو هاووڵاتییانە دەكەن كە بۆ گەشت دەچنە كوێستانەكانی پشدەر. هەفتەی ڕابردووش هاووڵاتییەكی تریان بەسەختی بریندار كرد.



وشە - رامیار جەواد