گرێبەستی كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك نوێ‌ كرایەوە

:: PM:02:12:16/05/2022 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنێت، بەهۆی نوێكردنەوەی گرێبەستی كۆمپانیای كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك، سبەی دەست دەكرێ بە كۆكردنەوەی ئەو زبڵەی لە بازاڕەكان و شوێنە گشتییەكاندا كەڵەكە بووە.

ماوەی 20 ڕۆژە سەرجەم كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك لە سنووری راپەڕین كارەكانیان راگرتووە، بەگوتەی ئەندامێكی ئەجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئێستە گرێبەستی كۆمپانیاكان نوێ‌ كراونەتەوە و دەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی ئایار، كاسترۆ مەعرووف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ـی راگەیاند، بابەتی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە دەڤەری ڕاپەڕین چارەسەر كرا.

زیاتر گوتی، سبەی كرێكاران دەست دەكەن بە پڕكردنەوەی گرێبەستەكانیان، بەشێك لە كرێكاران دەستیان بەكاركردن كردووەتەوە و ناوچەكەمان لەو دۆخە ڕزگاری دەبێت.

باسی لەوەش كرد، وەزیری شارەوانی بەڵێنی پێ داون گرێبەستی ئاودانەكەیشیان بۆ جێبەجێ بكات، ئەوكات كرێكارانی بەشی ئاودانیش دەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان و ئومێد دەكەین هیچ كرێكارێك بێ كار نەمێنێتەوە و مافە ڕەواكانیان پێشێل نەكرێت.

روونی كردەوە، دوای نوێكردنەوەی گرێبەستەكان، كرێی مانگێك بە كۆمپانیا دراوە و بەڵێنیان پێ دراوە كرێیەكی تریش لە ماوەیەكی كورتدا پێیان بدرێ‌.

بەهۆی بە تاڵانبردنی پارەی بانكەكانی سلێمانی، بەشێكی زۆری كۆمپانیاكانی پاككەرەوە وازیان لە كارەكانیان هێناوە، بۆیە زبڵێكی زۆر لە شار و شارۆكەكانی ئەو سنوورە لە شەقامەكاندا كۆ بووەتەوە.


وشە - رامیار جەواد