یانەی بایرن میونشن هەوڵدەدات گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی نوێدا واژوو بكات، پێش ئەوەی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی یانهكه جێ بهێڵێت.
لێڤاندۆڤسکی، كه گرێبهستی لهگهڵ بایرن تا هاوینی 2023یه، لەم ماوەیەدا پشتڕاستی کردەوە هاوینی داهاتوو بایرن میونشن جێ دەهێڵێت، لەبەر رۆشنایی ئەو راستییەی هیچ گرێبەستێکی نوێی لە ئیدارەی یانەی باڤارییەوه پێشكهش نهكراوه.
بە پێی رۆژنامەی "بیڵد”ی ئەڵمانی، بایرن میونشن پێشتر جێگرەوەی لێڤاندۆڤسکی دەستنیشان کردووە، بڕیارە بەرپرسانی یانهكه لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ بریکارەکەی کۆببنەوە.
رۆژنامە ئەڵمانییەکە لە راپۆرتەکەیدا پشتڕاستی کردەوە، بایرن میونشن کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ جێگرهوهی لێڤاندۆڤسکی ئەنجام دەدات، هەرچەندە یانه باڤارییەکە نایەوێت هێرشبەرە پۆڵەندییەکە بفرۆشێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستهوە لەگەڵ جێگرهوهكهی گفتوگۆ دەکەن.
رۆژنامەی "بیڵد" ئاشكرای كردووه، یانهی بایرن میونشن ساسا کالادزیچی یاریزانی شتوتگارتی دەستنیشان کردووە، بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرهوهی لێڤاندۆڤسكی.
پێدەچێت بەرپرسانی باڤاریا بە تەواوی متمانهیان بە "کالادزیچ" هەبێت، بەو پێیەی رێککەوتن لەسەر ئەوەی لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ نوێنەرەکانی ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی لەسەر هەموو وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە رێکبکەون.
لە لایەکی دیکەوە سڤین میسلینتات بەڕێوەبەری وەرزشیی شتوتگارت پشتڕاستی کردەوە، بایرن میونشن تا ئێسته هیچ ئۆفەرێکی بۆ نەناردوون بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ ساسا کالازدیچ بکهن.
بایرن میونشن تاکە یانەی ئەڵمانی نییە بیەوێت گرێبەست لەگەڵ ساسا کالادزیچ بکات، كه به "تانكی شتوتگارت" ناسراوه، چونکە بۆروسیا دۆرتمۆند بە هەمان شێوە چووەته کێبڕکێی بهدهستهێنانی یاریزانهكه، ئهمهش دوای رۆیشتنی ئێرلینگ هالاند بۆ مانچێستەر سیتی.