ئاڵۆزیی دۆخی سیاسی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەكان و نەبوونی حكوومەتێك و دامەزراوە و دەزگای تەناهی بەهێز وای كردووە، سەرەڕای چەندان ئۆپراسیۆنی سەربازی، چەكدارانی داعش لە هێرشەكانیان بەرەوام بن، ئەوان سوود لە هەر بۆشاییەك دەبینن بۆ زیانگەیاندن بە خەڵك و دەرخستنی مانەوەیان، ئەمڕۆ لە نزیك شارەدێی عوزێم، لە دووری 65 كیلۆمەتر لە باكوری باقووبەی سەنتەری پارێزگای دیالە، سێ جووتیاریان كوشت.
محەمەد عوبێدی، سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی شارەدێی عوزێم گوتی، چەكدارانی داعش سوودیان لە خراپیی كەشوهەوای ناوچەكە وەرگرت و هێرشیان كردە سەر كێڵگەیەكی كشتوكاڵی لە نزیك گوندی ئوم حەوالی لە دەوروبەری شارەدێی عوزێم، لە ئەنجامدا سێ جووتیار كوژران.
بەقسەی ئەو بەرپرسەی پێشووی عوزێم دوای هێرشەكە هێزە تەناهییەكان و هۆزەكانی ناوچەكە، تەرمەكانیان بۆ پزیشكی داد گواستووەتەوە و دەستیان بە كێوماڵكردنی ناوچەكە كردووە بۆ گەڕان بەدوای چەكدارانی داعش، كە ناوچەكە لە ناوچە گەرمەكانە و بە بەردەوام داعش و بزاوە توندرۆكان وەك حەشارگە و داینگەیەك سوودی لێ دەبینن.