پلەی گەرما لەو وڵاتە گەیشتە نزیك 50 پلەی سەتی

:: PM:08:54:16/05/2022 ‌

لە سایەی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی بەهۆی قەتیسبوونی گەرمییەوە، بە هەموو پێشبینییەكان هاوینێكی گەرمتر لە ئاسایی چاوەڕوانی دنیا دەكات، خەریكە ئاماژەكان لە چەند ناوچەیەكی سەر زەوی دەردەكەون، لەوانە لە هیندستان كە پلەی گەرمی چەند ناوچەیەكی نیودلهی گەیشتە نزیكەی 50 پلەی سەتی.

ئەمڕۆ دووشەم لە چەند ناوچەیەكی شاری نیودلهی پایەتەختی هیندستان پلەی گەرمی گەیشتە نزیك ئاستی 50 پلەی سەتی، دەكاتە 122 پلەی فەهرەنهایتی، كاتێك شەپۆلێكی توندی گەرمی باكوری ئەو وڵاتەی گرتەوە.

دوێنێ یەكشەم دەزگاكانی پێوانی كەشوهەوا پلەی گەرمیان لە چەند ناوچەیەكی ئەو وڵاتە بە 45 پلەی سەتی خوێندەوە و لە هەندێك ناوچەی نیودلهی گەیشتبووە 47 پلەی سەتی، ئەمڕۆ ناوچەی مۆنجشبوور لە باكوری دلهی وەك گەر مترین ناوچەی هیندستان پلەی گەرمی گەیشتە 49.2 پلەی سەتی، لەو كاتەی لە ناوچەی نجفجارە لە باشووری رۆژئاوای دلهی پلەی گەرمی گەیشتە 49.1 پلەی سەتی. 

شایەنی باسە بۆ یەكەمجارە پلەی گەرمی لە ناوچەكانی دلهی پایەتەخت دەگاتە 49 پلەی سەتی، كاتێك لە ئایاری 1998 بەرزترین پلەی گەرما لە ناوچەی بالام لە باشووری رۆژئاوای دلهی تۆمار كرا كە 48.8 پلەی سەتی بوو، ئێستەیش شارەزایانی كەشناسی هیندستانی پێشبینی دەكەن لە رۆژانی داهاتوودا پلەی گەرما نزمبوونەوە بەخۆییەوە ببینێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل