بەرواری: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ حكوومەتی بەغدای خستووەتە كێشەوە

:: PM:11:11:16/05/2022 ‌

لە ماوەی دواییدا دادگەی فیدراڵی عێراق و وەزیری نەوت و كۆمپانیای نەوتی باكور،  بە شێوەی جیاواز هێرشیان كردە سەر كەرتی نەوت و غازی هەرێم و هێزی پێشمەرگە، بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات كە بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵ حكوومەتی عێراقی خستووەتە كێشەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی رابردوو دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی لە دژی كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دەركرد، وەزارەتی نەوتی عێراقیش داوای جێبەجێكردنی بڕیارەكەی كرد، بەر لە چەند رۆژێكیش كۆمپانیای نەوتی باكور رای گەیاند كە هێزێكی تەناهی هەرێم دەستی بەسەر دوو كێڵگەی نەوتی بای حەسەن و داودگورگە لە پارێزگەی كەركووكدا گرتووە.

عەبدوسەلام بەرواری رای گەیاند، حكوومەتی هەرێم هەواڵی دەستگرتنی بەسەر بیرە نەوتەكانی كەركووكی رەت كردەوە، ئەوەیش وەڵامێكی یەكلاكەرەوە بوو بۆ ئەوەی لە هەندێك میدیا بڵاو كرایەوە، روونی كردەوە، ماوەی چەند مانگێكە هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان دووچاری هەڵمەتی راگەیاندن و هیتریش دەبنەوە.

ئاماژەی كرد، بابەتەكە پێوەستە بە هەڵوێستی حزبەكە بەرانبەر بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، رەنگە بەشێكیشی بەهۆی ئەو لێدوانانەوە بووبێت كە باسی ئەوە دەكەن هەرێم دەست بە هەناردنی غاز دەكات، لەو كاتەی تا ئێستە ژێرخانی ئەو كارە فەراهەم نییە، جیا لەوە بۆچوونێك لە عێراق هەیە بە رەتكردنەوەی فیدرالیەت، ئەوان دەڵێن ئەوەی هەرێم دەیكات دەرچوونە لە گوێڕایەلیی ناوەند، بۆ زانیاری لە سیستمی فیدراڵیدا حكوومەتی ناوەند نییە، بەڵكو فیدراڵییە.  

"گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا شكستی نەهێناوە، وەك وەزیری نەوتی عێراق باسی كرد، بەڵام هەندێك خاڵ هەن كە تاوتوێ دەكرێن، كاتێك 80%ی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم بەغدا پێی رازییە، هاوكات بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ بە بەتاڵیی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم واژووی كردوون، حكوومەتی بەغدای زیاتر لە حكوومەتی هەرێم خستووەتە كێشەوە"، عەبدوسەلام بەرواری وای گوت.

دووپاتی كردەوە، ئەگەر دۆسیەی نەوتی هەرێم بدرێتە بەغدا، دەبێت دەیان ملیار دۆلار بە كۆمپانیاكان بدات كە پارەیان بە هەرێم داوە بۆ ئەوەی بە نەوت بەوان بدرێتەوە، هەروەها حكوومەتی عێراق ئەوە دەزانێت كە ژمارەیەك كێشەی تر هەن پێویستە چارەسەر بكرێن، ئەوەیش بۆ ئەوەی یاسای نوێی نەوت و غاز دەربكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل