دراوی فه‌رمی توركیا له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه به‌رده‌وام رووی له دابه‌زین بووه و به‌راورد به ساڵی رابردووش، 50% به‌های خۆی به‌رانبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكا له ده‌ست داوه.
نرخی هه‌ر 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكا ساڵی رابردوو له 17ی ئایاردا 845 لیره بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دوای ساڵێك به هه‌زار و 587 لیره ده‌فرۆشرێت. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات دراوی توركیا له ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا به‌رانبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكا، 50% به‌های خۆی له ده‌ست داوه.
له‌ده‌ستدانی نزیكه‌ی 50%ی به‌های دراوی فه‌رمی توركیا به‌رانبه‌ر به دۆلاری ئه‌مه‌ریكا، بۆ ئابووری توركیا و دۆخی ژیانی خه‌ڵك زۆر كاره‌ساتباره، چونكه به هه‌مان رێژه و بگره زیاتر نرخی شتومه‌ك به‌رز بووه‌ته‌وه، كاتێك هاووڵاتییانی توركیا ده‌توانن وه‌ك ساڵی رابردوو بژین و پێداویستییه‌كانیان دابین بكه‌ن كه مووچه و داهاتیان دوو هێنده زیادی كردبێت.
سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان له چه‌ند ساڵی رابردوودا و هه‌وڵی فراوانخوازییه‌كانی و پاشه‌كشه‌پێكردنی دیموكراسی له‌و وڵاته، هۆكاری سه‌ره‌كی بووه له‌وه‌ی نرخی دراوی وڵاته‌كه دابه‌زێت.
گرنگترین هۆكاره‌كانی دابه‌زینی نرخی لیره له‌م چه‌ند ساڵه‌دا بۆ تێكچوونی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه
یه‌كێك له گرنگترین هۆكاره‌كانی دابه‌زینی نرخی لیره له‌م چه‌ند ساڵه‌دا بۆ تێكچوونی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه ده‌ستی پێ كرد كه له توركیا كوده‌تا كرا و پاشان ئه‌مه‌ریكای به‌وه تۆمه‌تبار كرد داڵده‌ی كوده‌تاچییه‌كانی داوه. توركیا قه‌شه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی ده‌ستبه‌سه‌ر كرد و گوتی، هه‌ر كاتێك ئه‌مه‌ریكا فه‌تحوڵا گوله‌نی رێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی خزمه‌تی راده‌ست كرد، ئه‌وا ئه‌وانیش قه‌شه‌كه ئازاد ده‌كه‌ن.
جگه له پرسی هاوكارییه نهێنییه‌كانی نێوان ئێران و توركیا و پێشێلكردنی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا له دژی ئێران و هاوكارییه‌كانی رووسیا له‌گه‌ڵ رووسیا و كڕینی سیستمی به‌رگریی مووشه‌كی، سزاكانی ئه‌مه‌ریكای به‌دواوه بووه و كاریگه‌ری خراپی خستووه‌ته سه‌ر ئابووری توركیا.
دابه‌زینی نرخی لیره ده‌ریده‌خات بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌ران، له داهاتووی توركیا نیگه‌رانن و نازانن ئه‌ردۆغان وڵات به‌ره‌و چ دۆخێك ده‌بات.
نرخی 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رانبه‌ر به لیره له سه‌ره‌تای ساڵی 2018 بریتی بووه له 375 لیره. ئه‌و نرخه له ساڵی 2017دا بریتی بووه له 280 لیره، له ساڵی 2015دا بریتی بووه له 266 لیره و له ساڵی 2014یشدا نرخه‌كه‌ی 200 لیره بووه.
له نزیكه‌ی هه‌شت ساڵی رابردووه‌وه تا ئێسته نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر به لیره سه‌رووی حه‌وت هێنده گرانتر بووه. به‌گوێره‌ی چارتی XE ، ساڵی 2011 نرخی 100 دۆلار به 150 لیره بوو و ئه‌و نرخه له ساڵی 2008دا بریتی بوو له 119 لیره. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات له ماوه‌ی 14 ساڵی رابردوودا لیره پاشه‌كشه‌یه‌كی زۆری كردووه و نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر لیره 13 هێنده زیادی كردووه.