وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و ئێران لە بەغدا كۆ دەبنەوە

:: PM:05:26:17/05/2022 ‌

هەوڵی لێكنزیككردنەوەی ئێران و سعوودیە لەلایەن عێراقەوە، یەكێكە لە هەنگاوەكان لە چوارچێوەی كەمكردنەوەی نەیاریان و بەرجەستەبوونی لەسەر خاكی عێراق، بەتایبەتی بەهۆی ناكۆكیی ئەو دوو وڵاتە عێراق بە بەردەوام لە رووی سیاسی و ئابووری و تەناهییەوە كاریگەری لەسەر بووە، بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و ئێران لە بەغدا كۆ ببنەوە.

جەواد كەریمی قدووسی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەنجوومەنی راوێژكاران (پەرلەمانی ئێران) گوتی، بەمنزیكانە بەغدای پایەتەختی عێراق مێوانداریی دیداری حوسێن ئەمیر عەبدولەهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعوودی هاوتا سعوودییەكەی دەكات.   

زیاتر گوتی، هەردوو وڵات بۆ ئەو مەبەستە گەیشتوونەتە رێككەوتنی سەرەتایی و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیك كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات بێتە سازكردن، دووپاتی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا ئەو دوو وەزیرە تاوتوێی پرسە دووقۆڵییەكان و كردنەوەی باڵوێزخانە و پرسە ناوچەییەكان، بەتایبەتی تەنگژەی یەمەن دەكەن. 

شایەنی باسە لە 25ی نیسانی رابردوو فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ كۆبوونەوەی شاندی سعوودیە و ئێران لە بەغدا ئەوكات كرد، بەوەی لەسەر یاداشتێكی لێكگەیشتنی 10 خاڵی رێككەوتوون، كۆبوونەوەكە زیاتر تەناهی بووە و بەرپرسانی باڵای تەناهی هەردوولا بەشداریان تیادا كردووە و وا رێككەوتوون كە گەڕەكانی داهاتووی گفتوگۆكانیان لەسەر ئاستی دیپلۆماسی بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل