ژمارەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و ونبووانی عێراق ئاشكرا دەبێت

:: PM:05:56:17/05/2022 ‌

مێژووی عێراق پڕە لە رووداوی خوێناوی، زۆرینەی حكوومەتەكانی بە كودەتا هاتوونەتە دەسەڵات، دواترینیان سەدام حوسێن بوو، كە عێراقی خستە ناو سێ جەنگی خوێناوی و دەیان ساڵ لە گەمارۆ و نەهامەتی و كوشتن و گۆڕی بەكۆمەڵ، دوای رووخانیشی عێراق كەوتە  ناو ململانێیەكی خوێناوی تایفی و توندڕۆیی ئایدۆلۆجی، هەموو ئەوانە سەتان هەزار ونبوویان لێ كەوتەوە و عێراقیان كردە گەورەترین وڵاتی ونبووەكان، وەك راپۆرتێكی ئەڵمانی باسی كردووە.

ماڵپەڕی "دۆیچەویلە"ی ئەڵمانی لە راپۆرتێكی لەبارەی قوربانیانی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراق، ئاماژە دەكات كە تا ئێستە سەتان گۆڕی بەكۆمەڵی داعش و رژێمی سەدام حوسێن و ململانێی تایفی هەن كە بە داخراوی مانەتەوە، لەو كاتەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە دەكات كە زیاتر لە 200 گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانیانی دەستی داعش دیاری كراون، كە پێشبینی دەكرێ ئێسك و پروسكی دەوروبەری 12 هەزار كەسیان لەناودا بێت. 

زیا كەریم سەعیدی، بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە عێراق دەڵێت، لە كۆی 114 شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی قوربانیانی دەستی داعشی لێیە، تەنیا 29 شوێن هەڵدراونەتەوە، كە ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵیان لەخۆ گرتووە، لەوانە لە 81 گۆڕ تەرمی سێ هەزار كەس دۆزراونەتەوە كە زۆینەیان ئێزیدی بوونە.

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە رژێمی سەدام حوسێن بەرپرس بووە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی 98 شوێن، كە تا ئێستە 22 شوێنیان هەڵنەدراونەتەوە، بەپێی ئامارەكانی خاچی سووری نێودەوڵەتیش گەورەترین ژمارەی ونبووەكان لە عێراقە و ژمارەیان دەگاتە 250 هەزار بۆ ملیۆنێك كەسە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل