بەغدا.. لایەنگرانی سەدر دەست بە خۆپێشاندان دەكەن

:: PM:09:29:17/05/2022 ‌

ئێستە موقتەدا سەدر، براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی عێراق و هاوپەیمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادەی سوننە، رابەرایەتیی جموجۆڵی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بە پڕۆژەیەكی نیشتمانی دوور لە بەشبەشێنەی پێكهاتەیی لە بەرانبەر رەوتی نزیك لە ئێران دەكات، ئەو لە تویتێكدا وادەیەكی تری بۆ نەیارانی راگەیاند بۆ پێكهێنانی حكوومەت، دووپاتیشی كردەوە كە ناگەڕێنەوە چوارگۆشەی تایفیەت و گەندەڵی.

وەك پاڵپشتییەك بۆ هەڵوێستەكانی سەدر، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم لە ناوچەی سەدری رۆژهەڵاتی بەغدا، هەزاران كەس لە لایەنگرانی رەوتی سەدر دەستیان بە رێكخستنی خۆپێشاندانێكی پاڵپشت بۆ بڕیارەكانی موقتەدا سەدر كرد.    

هەر ئەمڕۆ ئەندامێكی رەوتی سەدر لە نەجەف بە "عەرەبی ئەلجەدید"ی راگەیاند، ئەو وادە نوێیەی موقتەدا سەدر رای گەیاندووە، واتە مانگێك، بەهۆی بوونی گوشاری دەرەكی بووە لەسەری، بۆیە لەو ماوەیەدا پێشوازی لە هیچ جۆرە ناوەندگیرییەك ناكات و هیچ كۆبوونەوە و دیدارێكی سیاسی پێوەست بەو تەنگژەی هەیە ئەنجام نادات، بەڵام رەوتەكە لە پەرلەمان كاری ئاسایی خۆی دەكات، بەپێی روانگەی ئۆپۆزسیۆن و راستكردنەوەی كەموكورتییەكان. 

روونی كردەوە، سەدر بە هەردوو هێزی هاوپەیمانی، سیادە و پارتی، گوتووە كە ئەوان ئازادن لە دەربڕینی هەڵوێستی خۆیان، ئەوانیش بە سەدریان راگەیاندووە كە بێ بەشداری رەوتی سەدر، بیر لە دروستكردنی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ لایەنی تری سیاسی ناكەنەوە، چونكە دەیانەوێ رەوتەكە كۆڵەكەی سەرەكیی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بێت.

دووپاتی كردەوە كە دوای 30 رۆژەكە، رووكردن لە بنكەی جەماوەری لە شارەكان و جووڵاندنی شەقام لە دژی پڕۆژەكانی هاوردەكراو لە دەرەوە، یەكێك دەبێت لە كارتەكانی ئێستە بەدەستیانەوەیە.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل