پەكەكە ئەو هەموو كارە خراپانە بۆچی و بۆ بەرژەوەندی كێ دەكات؟

:: PM:09:53:17/05/2022 ‌

پەكەكە هیچ هەوڵ و گێرەشێوێنییەك نەما بەرانبەر بە هەرێمی كوردستانی نەكات، بە هەموو جۆرێك هەوڵی داوە دوژمن، بە تایبەتی توركیا، راپێچی ناو خاكی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ ئەو مەبەستەیش چەندان جار توركیا دەستدرێژی كردووەتە سەر هەرێم و لە چەند ناوچەیەكیش بەهۆی پەكەكەوە هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان.

سەرەڕای ئەو كارانەی پەكەكە، لە ماوەی رابردوودا پیلانگێڕیان بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە كردووە، ویستوویانە لە رێگەی چەند كەسێكەوە هێرش بكەنە سەر فەرمانگەكان و چەند شوێنێك، بەمەیش پەكەكە بە تەواوی ئەوەی لێ ئاشكرا بوو كە دژی كورد و كوردستانە و كاری سەرەكیی ئاژاوە و پیلانگێڕییە.

لەو بارەوە ئازاد ئەكرەم، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی میللەت بە "وشەی راگەیاند، پەكەكە كارێك ناكات كە خزمەتی كورستان بكات و دژایەتیی دەكات، توركیا دێنێتە ناو خاكی هەرێم، دەیەوێ لە هەر شوێنێك بێت ئەوانی تر بەڵێی بۆ بكەن، بەڵام هەرێم رێگە بەوە نادات كە پەكەكە بیری لێ دەكاتەوە، بۆیە ئەو هەموو كارە تێكدەر و خراپانەی پەكەكە دەیكات بۆ ئەوەیە هەرێم تووشی شەڕ بكات، بەڵام پەكەكە ناتوانێت بەو كارانە هەرێم راپێچی شەڕ بكات.

هەروەها گوتی، پەكەكە بەتەواوی بووەتە گرفت بۆ هەرێمی كوردستان، دەیەوێ دۆخی هەرێمی كوردستان تێك بدات، ئەوە نییە ئێستە بەهۆی ئەو شەڕەوە توركیای هێناوەتە ناو هەرێم، ئەو تەنیا دەزانێت ئەوەی پێی دەڵێن بیكات، گرنگ ئەوە جێبەجێ بكات كە پێی دەگوترێت، بۆچی پەكەكە ناچێت لە توركیا ئەو كارانە بكات، خۆ ئەوان دەڵێن خەبات بۆ باكور دەكەن، بۆیە هەرێمی كوردستان باكور نییە تا گێرەشێوێنی و كاری خراپی تیادا بكەن.

لای خۆیەوە كلارا بەفرۆ، ئەندامی لیستی كلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە هێزێكی كوردی ناتەندروستە، لە بری ئەوەی شانازی بە بوونی هەرێمی كوردستان بكات، هاتووە ئەجێندای سیاسی دوژمنانی كوردستان جێبەجێ دەكات، كار بۆ تێكدانی تەناهی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەوان لە ناوچە سنوورییەكان مەترسی گەورەن بۆ سەر هاووڵاتییان، بەوەیشەوە نەوەستاون خەریكی كار پیلانی ترن.

"پەكەكە كارێكی خراپ دەكات كە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات، ئەو بووەتە مەترسی، ئەمەیش وای كردووە كە توركیا بەردەوام هێرش بكاتە سەر هەرێم، بۆیە پێویستە پەكەكە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆی بكات، ئەو لە ناو نەخشە و سنووری هەرێمی كوردستانە، بۆیە ئەو هەموو كارە خراپانە بۆچی  و لە پێناوی چی؟"، كلارا بەفرۆ وای گوت.

پەكەكە لە هەموو لایەكەوە بووەتە گوشار و مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان، تا ئێستە نزیكەی 500 گوند لە هەرێمی كوردستان چۆڵیان كردووە و ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشتووە و نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، ئەمە جگە لەوەی بە دەیان گوند وێران بوون و ماڵ و رەز و باخ و كشتوكاڵی هاووڵاتییان تێ چووە، زۆربەی جاریش زیانی گیانی لێ كەوتووەتەوە.

پێوەست بەو بابەتەوە سەردار رەسووڵ، فەرماندەی پێشمەرگە بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە گرووپێكە هیچی لەباردا نەبووە، ئەوەی دژی كورد و كوردستان بێت ئەو دەیكات بەبێ بیركردنەوە لە ئەنجامەكەی، گرنگ ئەوەیە ئەجندای دەرەكی جێبەجێ بكات، چی روودەدات لای گرنگ نییە و ئامانجیشی ئەوەیە هەرێمی كوردستان بخاتە بەردەم دۆخێكی ناسەقامگیری، بۆ ئەو مەبەستەیش هەمیشە بەدوای ئەوەدا گەڕاوە كەی حكوومەت سەرقاڵ و لایەنەكان ناكۆكن، ئەو كاتە زیاتر دەقۆزێتەوە بۆ كارە تێكدەرەكانی.

روونی كردەوە، پەكەكە هیچ كارێكی نەكردووە بۆ كورد و كوردستان تا شانازی پێوە بكات، هەر لە دروستبوونییەوە كاری بۆ دوژمنان كردووە، دەڵێ كوردین و خەبات دەكەین، بەڵام دژی كوردن، لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان جارێك بۆمب بۆ پێشمەرگە دادەنێنەوە و جارێك هێرش دەكەنە سەر پێشمەرگە، جارێكیش سوپای توركیا دێنن، ئەوجارەیش هەوڵ بۆ كاری تێكدەرانە و دروستكردنی ئاژاوە و تێكدانی دۆخی تەناهیی هەرێمی كوردستان دەدەن.

پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە لە پێنجوێن و شارباژێڕ و ئامێدی، كاری سەرەكیی لەو سنوورانە قاچاخ و وەرگرتنی سەرانەیە لە هاووڵاتییان، هەروەها ناوچەیەكی فراوانی وەك قەندیلی داگیر كردووە و ڕێگە نادات هاووڵاتییان سەردانی بكەن، ئاژەڵدارانیش بە پارە دەچنە لەوەڕگا و كوێستانەكانی ئەو شوێنە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل