كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە بەبێ جیاوازی گرنگی بە هەموو ناوچەكانی هەرێم داوە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین كردوون، هەر شار و ناوچەیەكیش كێشەی هەبووبێت، دەستبەجێ دەستی ئاوەدانی پێ گەیشتووە و چارەسەری كێشەكانی كردووە، بەتایبەتی كێشە و گرفتەكانی لە ماوەی رابردوو لە سلێمانی روویان دا.
سەرۆكی حكوومەت بۆ دۆخی سلێمانی و نەگەڕانەوە داهات بۆ سەر خەزێنەی گشتی، دواكەوتن و دروستبوونی كێشەی دواكەوتنی مووچە، هەوڵی رژدی بۆ چارەسەركردنی كێشەكەی دا، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت كە حكوومەت بەبێ جیاوازی ئامانجی چارەسەركردنی گرفتەكان و خزمەتكردنە، هەروەها دەری خست كە هەموو ناوچەكان وەك یەك وان و كێشەی مووچەی سلێمانی چارەسەر كرد و یەكلای كردەوە.
محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەت لە بەرنامەی كاریدا دووپاتی لەوە كردبووەوە كە پارێزگاكان دەسەڵاتی خۆیان هەبێت، حكوومەت جگە لە گرنگیدان بە كەرت و وەزارەتەكان، گرنگی بە پارێزگاكانیش بدات، لە ماوەی رابردوودا كێشەیەكی زۆر لە سلێمانی لە بارەی داهات و مووچە و ئیدارە و هەندێك شتی تر دروست بوو.
روونی كردەوە، سەرۆكی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان، لەگەڵ سەرجەم پارێزگار و سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكە پرسی مووچەی پارێزگای سلێمانی یەكلا كردەوە، ئەمەیش بۆ سەرۆكی حكوومەت گرنگ بوو، چونكە بەبێ جیاوازی سەیری هەموو ناوچەكان دەكات و لای ئەو هەمووی وەك یەكە.
"حكوومەت هەوڵ دەدات هەموو ئەو ناوچە و یەكە كارگێڕییانەی كێشەیان هەیە بۆیان چارەسەر بكات، ئەوەیش نیشانەی ئەوەیە كە حكوومەت و سەرۆكی حكوومەت پلانی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنێكی باش هەیە، هاوسەنگیش لە نێوان پارێزگاكان لە پرسی دەسەڵات و خزمەتگوزارییەكان فەراهەم ببێت"، محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان وای گوت.
لای خۆیەوە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە لە ناو هۆڵی پەرلەمان بەرنامە و كارنامەی خۆی بۆ ئەو چوار ساڵە خستە بەردەم روو، پەرلەمانتارانیش هەموویان لەو بەرنامەی كارە رازی بوون و دەستیان بۆ بەرز كردەوە.
زیاتر گوتی، حكوومەت لە ماوەی ئەو چەند ساڵە هەنگاو بە هەنگاو ئیشەكانی خۆی كردووە و لەسەر كارنامەی خۆی بەردەوامە، لە بەرنامەی كاری حكوومەت هیچ جیاوازییەك لە نێوان ناوچە و شار و پارێزگا جیاجیاكاندا نەبووە، بەڵكو بە یەك چاو سەیری هەموو ناوچەكان كراوە و خزمەت كراون، بەتایبەتی سەرۆكی حكوومەت بە گرنگییەوە روانیویەتییە پارێزگای سلێمانی و گرنگی پێ داوە و خزمەتی كردووە.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەیش كرد، سەرۆكی حكوومەت لەو ماوەیە ئەگەر دۆلارێكی بۆ هەولێر و دهۆك خەرج كردبێت، دوو دۆلاری بۆ سلێمانی خەرج كردووە، ئێستەیش بە پەرۆش بوو بۆ ئەو دۆخەی لە سلێمانی بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بوو تا چارەسەری بكات، دواجار چارەسەری كرد، هەروەها لە رابردوو بودجەی گەورەی بۆ رێگەوبان و كەرتەكانی تر لە سلێمانی خەرج كردووە، بەتایبەتی بۆ كەرتە خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا.
پێوەست بەو بابەتە یووسف ئەنوەر، چاودێری سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، سەرۆكی حكوومەت لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەیەوە باسی لەوە كرد كە ئەم حكوومەتە هی هەموو هاووڵاتییانە، بەرنامە و ئامانجیش تەنیا خزمەتكردنە بە هاووڵاتییان بە بێ گوێدانە رەنگ و دەنگ و بیركردنەوە و جیاوازی ناوچەیی، بۆیە ئەمە بۆ حكوومەت گرنگ بوو كە گرنگی بە هەموو ناوچەكان بدات.
ئاماژەی كرد، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ئەو دۆخەی لە سلێمانی دروست بوو، كە فەرمانبەرانی حكوومەت مووچەیان دواكەوت و بەهۆی لایەنێكی سیاسییەوە مووچەیان لە كاتی خۆیدا وەرنەگرت، ئەمە لای حكوومەت قورس بوو، بەڵام دیاربوو هۆكارەكەی چی بوو، بۆیە حكوومەت وەك ئەو بەڵینەی دایبووی كە هی هەموو ناوچەكانە، ئەو گرفتەیشی چارەسەر كرد.
وشە/ تایبەت