بەریتانیا دراوێك دروست دەكات كە ساختە ناكرێت

:: AM:11:03:28/03/2017 ‌

بە هۆی گومانەكان لە بارەی هەبوونی نزیكەی 45 ملیۆن پارچەی ساختەی دراوی یەك پاوەندی كانزایی، خانەی دراوی شاهانەی بەریتانیا لە پلانداناندایە بۆ بەرهەمهێنانی یەك ملیار و 500 هەزار پارچە دراوی یەك پاوەندی كانزایی نوێ و خستنە بازاڕی بە شێوەیەكی فەرمی.

بەگوێرەی زانیارییەكان، دراوە نوێیەكە كۆمەڵێك تایبەتمەندیی ئەوتۆی تێدایە كە دەبنە هۆی پاراستنی لەوەی كە بتوانرێ ساختە بكرێت، بە شێوەیەك كە 12 نەخشی تایبەتی لەسەر هەڵكەنراوە و دیزاینێكی تری بەرجەستە و كۆمەڵێك كۆدی نهێنیشی تێدایە، كە دەبنە هۆی ناسینەوەی لە كاتی ساختەكردندا.

ئامارەكان دەریان خستووە، ژمارەیەكی زۆری پارەی كانزایی ساختە لە بەریتانیادا بڵاو بوونەتەوە، بە شێوەیەك لە نێوان هەر 30 دراوێكی كانزاییدا دانەیەكیان ساختەیە، بۆیە دامەزراوەی دراوی ئەو وڵاتە، لە ئێستەدا بە شێوەیەكی خێرا لە هەوڵی بەرهەمهێنانی دراوە نوێیەكەدایە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، لە ئێستەدا ئامێرەكانی بەرهەمهێنانی دراوە نوێیەكە بەوپەڕی خێرایییەوە كاریان پێ دەكرێت، بە شێوەیەك لە ماوەی سەعاتێكدا 140 هەزار پارچە دراو بەرهەم دەهێنن و تا ئێستەش 800 ملیۆن دانەی دراوەكە دروست كراوە.

سەرچاوە/ سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی