ریال مەدرید دەستی بە ئۆپەڕاسیۆنی هازارد كرد

:: PM:01:13:28/03/2017 ‌

رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە یانەی ریال مەدرید لەسەر داوای زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی دەستی بە كارەكانی گرێبەستكردن لەگەڵ ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی و یانەی چێڵسی ئینگلیزی كردووە.

زێدان لە ماوەی رابردوودا چەند جارێك ئاماژەی بەوەدابوو بە ئاستی هازارد سەرسامە و پێش 5 ساڵیش هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ دابوو كاتێك لە ریزی یانەی لیلی فڕەنسی یاریی دەكرد.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە یانەی ریال مەدرید دەستی بەو كارە كردووە كە بە ئۆپەراسیۆنی هازارد ناسراوە و دەیەوێ لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بەهەر شێوە و نرخێك بێت بیهێنێتە ریزی یانەكەیانەوە.

لای خۆشییەوە یانەی چێڵسی بڕیاریداوە تا كۆتایی بۆ پاراستنی هازارد بجەنگێ و بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری یانەكە داوای كردبوو دەست بەو ئەستێرەی یانەكەوە بگرن.

یانەی چێڵسی دەتوانێ هەموو كارێك بكات بۆ مانەوەی هازارد لە ریزی یانەكەیدا تەنیا ئەگەر ئەو یاریزانە خۆی ئارەزووی رۆیشتن بكات و هەروەها یانەی شاهانەش ئامادەبێ دەستەوارەیەك بەبەهای 89 ملیۆن پاوەن پێشكەش بكەن كە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیانە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م