لەبارەی پڕۆژەی پاشەكەوتی مووچەوە وردبینی دەكرێت

:: PM:05:54:28/03/2017 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رای گەیاند، پڕۆژەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ چەكی بانك و بەكارهێنانی پاشەكەوتی مووچە لەبری خزمەتگوزارییەكان، تا ئێستە كۆتای نەهاتووە و كاركردن تێیدا بەردەوامە.

ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكیان بەمەبەستی چەكی بانكی و بەكارهێنانی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لە بەرامبەر خزمەتگوزارییە گشتییەكان پێشكەش بەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام رەت كرایەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 28ی ئاداری 2017، ئازاد ئەكرەم ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە"وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەكە ئێستە جارێكی تر دەست كراوەتەوە بەوردبینی لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ئەوەش لەسەر داوای وەزارەتی دارایی و ئابووری.

زیاتر گوتی، دوای وردبینییەكە پێشكەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە، بەڵام نابرێتەوە بۆ هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگا و راستەوخۆ كاری تێدا دەكرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رای گەیاند، پێمان باشبوو وەزارەتی دارایی وردبینی تێدا بكات بەهۆی بوونی شارەزایی خۆیان، بەڵام ئەوان رەوانەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەلێریان كردەوە.

پڕۆژەكەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەبیانووی ئەوە لەلایەن وەزارەتی دارایییەوە رەت كرایەوە كە لەگەڵ دۆخی ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناگونجێت لەو قۆناغەی ئێستەدا، بۆیە داوای گۆڕانكارییان لە پڕۆژەكەدا كرد.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم