سیستەمی پسوولەی خۆراك بەردەوام دەبێت

:: PM:08:38:28/03/2017 ‌
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەو هەواڵانە رەت دەكاتەوە كە باس لە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی دابەشكردنی خۆراك لە رێگەی پسوولەی خۆراك وەیا بەتایبەتكردنی دەكەن و روونی كردەوە كە ئەو هەواڵانە تەنیا دەنگۆن و هیچ بنەمایان بۆ نییە و تەنیا تاوتوێی گۆڕانكاری سیستەمەكە دەكرێت.

وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە ئەو قسانەی لەو بارەوە دەگوترێت دەنگۆی بێبەڵگەن و لە كەسانێكەوە دەردەچن كە بەرژەوەندیان تیادایە بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی رای گشتی بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان.

زیاتر گوتی، حكوومەت چەند لیژنەیەكی باڵای لە وەزارەت و دەستە پێوەندیدارەكان پێك هێنا بۆ باشتركردنی سیستەمی پسوولەی خۆراك بەشێوەیەك ئاسانكاری زیاتری بۆ هاووڵاتییان و توێژی هەژار تیادا بێت و روونی كردەوە كە لیژنەكە گەیشتە چەند بڕیارێكی گرنگ لەو بارەوە وەك دابەشكردنی ئارد بەسەر هاووڵاتییانی لەو چوارچێوەدا.

روونی كردەوە كە وەزارەت هەڵدەستێت بە چاككردنی سیستەمی پسوولەی خۆراك و یەكەمجاریش شارەدێی حەیدەرییە دیاری كراوە بۆ جێبەجێكردنی گۆڕانكارییەكە بەشێوەیەكی ئەزموونی بۆ دەرخستنی سەركەوتنی ئەزموونە نوێیەكە كە دواتر ئەگەر سەركەوت سنووری ئەو گۆڕانكارییە بۆ هەموو ناوچەكانی تر فرەوان دەكرێت.

بەپێی بەیاننامەكە بیرۆكەكە ئەوەیە كە هاووڵاتی سەرپشك دەكرێت بۆ دیاریكردنی ئەو مادە خۆراكییانەی دەیەوێت لە رێگەی كارتی زیرەكەوە و ئاماژەی كرد كە وەزارەتەكە كارە بازرگانییەكە بەڕێوە دەبات و خزمەتگوزارییەكان پێشكەش دەكات كە هەروەها كار بۆ سەقامگیری نرخی خۆراك لە بازاڕەكانیش دەكات و لە حاڵەتی گرانبوونی نرخەكان دێتە ناو بابەتەكەوە.

سیستەمی پسوولەی خۆراك لە هەشتاكانی سەتەی رابردوو لە عێراق كاری پێ دەكرێت لە سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران و دواتر بەردەوام بوو تا لە 2003 گۆڕانكاری بەسەردا هات و تەنیا چوار مادە بەو سیستەمە دابەش دەكرا كە بریتی بوو لە ئارد و برنج و شەكر و رۆن كە لە ساڵانی دواییدا وەزارەتی بازرگانی نەیتوانی بەشێوەیەكی رێك ئەو چوار مادەش دابەش بكات و كار گەیشتە بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە بەتەواوەتی، ئەو كارەی لەلایەن ژمارەیەك گەورە بەرپرسی عێراق رەت بكرێتەوە وەك عەلی سیستانی بەو هۆیەی كار دەكاتە سەر چینی هەژار.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل