پزیشكێكی شارەزا باس لە جیاوازی نیشانەكانی جەڵتەی دڵ لە پیاو و ئافرەتدا دەكات، ئەو نەخۆشییەی كە بە یەكێك لە بكوژرانی مرۆڤ دادەنرێت و ساڵانە سەتان هەزار كەس لە سەرانسەری دنیا دەكوژێت.
دكتۆر نیزاڵ ئەسعەد سەرۆكی بەشی نەخۆشییەكانی دڵ لە نەخۆشخانەی دڵ سەر بە دامەزراوەی حەمەدی پزیشكی لە قەتەڕ لە بەیاننامەیەكی دەرچوو لەو دامەزراوەدا دەڵێت، نیشانەكانی جەڵتەی دڵ لە پیاوان بریتییە لە هەستكردنی بە ئازارێكی توند لە سنگ و هەناسە تەنگی و ئێش لە قۆڵەكان و چەناگە و بەشی سەرەوەی پشت و سەرسووڕان و رەنگە جیاوازییەك بەپێی تەمەن و نەخۆشی و توانای جەستەییەوە هەبێت.
زیاتر گوتی، هەرچی نیشانەكانە لە ئافرەتاندا بریتییە لە هەستكردن بە ماندوویی و شەكەتی بەشێوەیەكی نائاسایی و شێوانی خەوتن و هەستكردنی بە نیگەرانییەكی زۆر و ناوەناوە، بەڵام ئازاری سنگی لەگەڵدا نییە.
ئەو پزیشكە دەڵێت كە ئەگەر هەریەك لە پیاو ئافرەت ئەو نیشانانەیان لەسەر دیار كەوت پێویستە زوو سەردانی پزیشكی شارەزا بكەن و هەرچەند زووتر چارەسەریان بۆ بكرێت ئەگەری رزگاربوونیان لە مەترسییەكانی ئەو نەخۆشییە و چاكبوونەوەیان زیاترە.