سیروان ئه‌حمه‌د ره‌شید ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق، له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق و ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی له دیمانه‌یه‌كدا به "وشه"ی راگه‌یاند، تا ئێسته روون نییه كه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له عێراق له 2017 ده‌كرێت یان نا، به‌ڵام هه‌موو قه‌واره سیاسییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بۆ ئه‌مساڵ نه‌كرێت.
ئه‌حمه‌د تیشك ده‌خاته سه‌ر كێشه‌كانی به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌تایبه‌تی له پارێزگای كه‌ركووك و ده‌ڵێ "ئه‌و پرسه پێوه‌ندی به په‌رله‌مانی عێراقه‌وه هه‌یه كه یاسایه‌كی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنی كه‌ركووك ده‌ربكات".
*ئاستی ئامادهسازییهكانتان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له عێراق چۆنه و تا چه‌ند ئه‌گه‌ری به‌ڕێوه‌چوونی هه‌یه؟
وه‌ك ده‌زانن كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان خشته‌ی كاتی تایبه‌تی بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌یه كه به قۆناغ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌پێی خشتهكه ئاماده‌كارییه‌كانمان ته‌واوه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له 16ی ئه‌یلوولی 2017، به‌ڵام له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری به‌ڕێوه‌چوون و نه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه، ئه‌و پرسه پێوه‌سته به لایه‌نه سیاسییه‌كان، په‌رله‌مان و حكوومه‌تی عێراقییه‌وه، بۆیه ئێمه وه‌ك كۆمیسیۆن ئاماده‌ین، به‌ڵام ته‌نیا جێبه‌جێكارین و بڕیارده‌ر نین.
*پرۆسه‌كانی تۆماركردنی ده‌نگده‌ران و قه‌واره سیاسییه‌كان به‌كوێ گه‌یشتووه؟
رێژه‌ی ئه‌وانه‌ی تۆماری خۆیان نوێ كردووه‌ته‌وه بۆ به‌شداریكردن له‌و پرۆسه‌دا، سه‌رووی 40%ی ده‌نگده‌رانی عێراقن و رێژه‌كه‌ش له پارێزگایه‌ك بۆ یه‌كێكی تر جیاوازه، بۆ نموونه له پارێزگایه‌ك 75%ی ده‌نگده‌ران و له یه‌كێكی تر 25% خۆیان تۆمار كردووه، به‌ڵام به گشتی سه‌رووی 40%ی ده‌نگده‌رانی عێراق له پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری بۆ ده‌نگدان تۆمار كراون.
پڕۆژه‌ی تۆماركردن و نوێكردنه‌وه‌ی بایۆمه‌تری تۆماری ده‌نگده‌ران بۆ ساڵێك و دووان نییه، به‌ڵكو بۆ هه‌شت ساڵه و نزیكه‌ی سێ ساڵه ده‌ستمان پێی كردووه و پێنج ساڵمان ماوه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه هه‌مووی تۆمار بكه‌ین، بۆ هه‌ڵبژاردنی مانگی ئه‌یلوولی داهاتوو له‌و پارێزگایانه‌ی تۆماره‌كه رێژه‌كه‌ی زۆره له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا پشتی پێ ده‌به‌سترێت، به‌ڵام له‌وانه‌ی رێژه‌كه كه‌مه رێگه‌ی ترمان هه‌یه وه‌ك پشتبه‌ستن به كارتی ده‌نگده‌ر و ئه‌و ئامێرانه‌ی كه هێناومانن و به‌كاری دێنین له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا.
هه‌رچی تۆماری قه‌واره سیاسییه‌كانیشه، تا ئێسته پرۆسه‌كه نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و قۆناغه، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌و حزبه سیاسییانه‌ی مه‌رج و رێوشوێنه‌كانیان ته‌واو بووه و كۆمیسیۆن په‌سندی كردوون، نۆ حزبن. ئه‌وه‌ی نوێیه له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه و ژماردنی ده‌نگه‌كانه كه فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانی كۆمیسیۆن به‌شداری تیادا ناكه‌ن و به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێت، بۆیه وه‌ك كۆمیسیۆن كارمان له‌سه‌ر ئه‌و ته‌كنیكه نوێیه كردووه كه له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌كار بهێنرێت، هه‌روه‌ها به‌و رێگه‌یه ئه‌نجامه سهرهتایییهكان زووتر و له ماوه‌ی دوو بۆ سێ سه‌عات به‌ده‌ر ده‌كه‌ون.
*شاره‌زایان ده‌ڵێن كه سیسته‌می پێڕهوكراو له هه‌ڵبژاردنی عێراق كۆنه و بۆ 50 ساڵ به‌ر له ئێسته ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئێوه چی ده‌ڵێن و سیسته‌می به‌كارهاتوو له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو چییه؟
سیسته‌می هه‌ڵبژاردن به‌رگ نییه بیگۆڕیت یان خانوو بێت و و مۆدێله‌كه‌ی نوێ بكه‌یته‌وه، ئه‌وانه سیسته‌می جیهانین و ئێمه خێزانی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنمان هه‌یه كه كۆمه‌ڵێك سیسته‌می له‌خۆ گرتووه، بۆ نموونه سیسته‌می رێژهییمان هه‌یه، هه‌روه‌ها سیسته‌می تێكه‌ڵاو كه به‌شێكی به‌ڕێژه‌یی و به‌شێكی تری به زۆرینه‌یی ده‌كرێت، بێجگه له سیسته‌می زۆرینه وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئه‌مه‌ریكا به‌كار دێت، ئه‌وه‌ی له عێراق جێبه‌جێ ده‌كرێت گونجاوتره، بۆ نموونه له‌سه‌ر ئاستی پارێزگایه‌ك ده‌نگ به لایه‌نێكی سیاسی ده‌درێت و به‌پێی ژماره‌ی ده‌نگه‌كان كورسی به‌رده‌كه‌وێت، كه‌چی له ئه‌مه‌ریكا به‌و شێوه‌یه نییه، بۆ نموونه ژماره‌یه‌ك كه‌س خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن له بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن، تۆ 30%ی ده‌نگه‌كان دێنیت و منیش 17% و یه‌كێكیش 7% و یه‌كێك 10%ی ده‌نگه‌كان، تۆ یه‌كه‌م ده‌نگت هێناوه و به‌پێی ده‌نگه‌كان كورسی دێنیت و ده‌نگه‌كانی ترت له‌و بازنه‌یه به‌هه‌ده‌ر ده‌ڕوات، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان به‌هه‌ده‌ر ناڕوات، ئه‌وه‌یه سیسته‌م كه دادوه‌ری زیاتری تیادایه و ده‌نگی تیادا نافه‌وتێت.
*ئاخۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان له كه‌ركووك به هاوشێوه‌ی ناوچه‌كانی تری عێراق به‌ڕێوه ده‌چێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن كرا؟
ئه‌و پرسه پێوه‌ندی به په‌رله‌مانی عێراقه‌وه هه‌یه كه یاسایه‌كی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنی كه‌ركووك ده‌ربكات، چونكه یاسای ژماره 46ی ساڵی 2008 كه تایبه‌ته به هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، له ماده‌یه‌كی كه له حه‌وت به‌ند پێك هاتووه، یه‌كه‌م و دووه‌می پێوه‌ندی به دابه‌شكردنی كورسی و پۆسته سیادییه‌كان له پارێزگای كه‌ركووك هه‌یه كه ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵه‌وه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، به‌ڵام بڕگه‌كانی دوای ئه‌وه هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه، له بڕگه‌ی سێیه‌مدا ده‌ڵێت پێویسته ئه‌و لیژنه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دانراوه بۆ رێكخستنی هه‌ڵبژاردن له كه‌ركووك، پێویسته پڕۆژه‌یاسایه‌ك پێشكه‌شی په‌رله‌مانی عێراق بكات، بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌كی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی كه‌ركووك بۆ یه‌ك خول، به‌ڵام تا ئێسته ئه‌و یاسایه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ده‌رنه‌كراوه، واته له‌ناو په‌رله‌مان باسی بابه‌ته‌كه كراوه، به‌ڵام پڕۆژه‌یاساكه‌ی ده‌رنه‌چووه.
*له‌ناو عێراقێكی پڕ له كێشه كه ئێوه خه‌ریكی رێكخستنی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتین، ئاخۆ گرنگترین كێشه‌كانتان چین؟
یه‌كه‌م كێشه‌مان ئه‌وه‌یه تا ئێسته روون نییه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له عێراق له 2017 ده‌كرێت یان نا، بۆیه به‌رچاومان روون نییه، هه‌موو قه‌واره سیاسییه‌كان به حكوومه‌ت و په‌رله‌مانیش نیازیان ئه‌وه‌یه و هه‌وڵ ده‌ده‌ن و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بۆ ئه‌مساڵ نه‌كرێت، به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كه كه‌س به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی پێمان ناڵێت كه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بۆ 2018 دوا بخرێت، ته‌نانه‌ت كه‌س ناوێرێت ئه‌و باسه بكاته‌وه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر شه‌قام و ده‌نگده‌رانیان، واته هه‌ر لایه‌نێك به فه‌رمی داوای دواخستنی بكات ده‌گوترێت كه متمانه‌ی به‌خۆی نییه بۆ چوونه ناو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه.
له كێشه‌كانی تری به‌رده‌م كۆمیسیۆن نه‌بوونی بودجه‌ی پێویست و یاسای هه‌ڵبژاردنه، واته ئه‌و یاسایه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان كه بۆ په‌رله‌مان ره‌وانه كراوه، تا ئێسته هه‌مووار نه‌كراوه و كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه، هه‌روه‌ها نه‌بوونی ئاسایش و سه‌قامگیری له به‌شێك له ناوچه‌كانی عێراق، بێجگه له بوونی ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاواره له عێراق.
به‌گشتی نه‌بوونی یاسا و نه‌بوونی به‌رچاوڕوونی له‌باره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، واته دیاریكردنی كاتێك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان كه 16ی ئهیلوول دیاری كراوه بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه كێشه گه‌وره‌كانن، به‌هۆیانه‌وه ئێمه گومانمان له به‌ڕێوه‌چوونی هه‌یه.
*تا چه‌ند ئازادنهكردنهوهی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش كێشه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان دروست كردووه؟
پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌شێكی به ده‌ستی داعشه‌وه ماوه، هه‌مان شتیش بۆ ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركووك، ئه‌وانه هه‌موویان كێشه‌ن له به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌روه‌ها كێشه‌یه‌كی تری پێوه‌ست به‌و بابه‌ته‌وه، ئه‌ویش بوونی ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاواره‌ی ناوچه‌كانی عه‌ره‌بی سوننه كه به‌شێكیان له هه‌رێمی كوردستان و به‌شێكیان له پارێزگاكانی تری عێراق نیشته‌جێ كراون، راسته ئه‌زموونی پێشووترمان له‌وباره‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وانه ئه‌ركی قورسن.
تا چه‌ند لایه‌نه سیاسییه‌كان و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیۆن كه‌وتوونه‌ته ژێر پاڵه‌په‌ستۆ و كاریگه‌ری پارته سیاسییه‌كانه‌وه؟
نه‌خێر ده‌ستوه‌ردانی لایه‌نه سیاسییه‌كان نییه، هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌ندامانی كۆمیسیۆن ره‌نگه ئێمه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هاتبین و رۆژێك له رۆژان له‌گه‌ڵ قه‌واره‌یه‌كی سیاسی‌دا كارمان كردبێت، به‌ڵام وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیۆن له به‌غدا له بڕیارداندا سه‌ربه‌خۆین، واته ئێمه بڕیار ناده‌ین له‌سه‌ر بنه‌مای گۆڕان یان یه‌كێتی یان پارتی و ئیسلامییه‌كان و هه‌ر رێوشوێنێك جێبه‌جێ ده‌كه‌ین بۆ هه‌موو عێراقی ده‌كه‌ین.