چێڵسی بووە یەكەم یانە دەستی بە هەنگاوەكان بۆ سانچێز كرد

:: AM:11:08:29/03/2017 ‌

دوای ئەوەی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی بەفەرمی ئاشكرای كرد كە بۆ هاوینی داهاتوو ئەستێرەی چیلی و هێرشبەری یانەكەیان ئەلێكسیس سانچێز دەفرۆشن، یانەی چێڵسی بووە یەكەم یانە دەستی بە هەنگاوەكان كرد بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو یاریزانە.

رۆژنامەی (گاردیان)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری ئیتاڵی داوای لە بەرپرسانی یانەی چێڵسی كردووە هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ سانچێز.

كۆنتی دەیەوێ بە گرێبەستكردن لەگەڵ سانچێز، شوێنی ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی پڕ بكاتەوە كە شیمانە دەكرێ كۆتای ئەم وەرزە روو لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بكات.

یانەی چێڵسی تاكە یانە نییە كە گرینگری بە گرێبەستكردن لەگەڵ سانچێز دەدات، بەڵكو پێشتر چەندان گەورە یانەی ئەوروپایی ئامادەییان پێشاندابوو ئەو هێرشبەرە ببەنە ریزی یانەكەیانەوە و گرینگترین یانەكانیش برێتین لە بایرن میونشی ئەڵمانی، مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی و پاریس سان جێرمانی فڕەنسین.

یانەی ئارسناڵ دوێنێ سێشەم بڕیاریدا لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا سانچێز بخاتە بازاڕی فرۆشتنەوە دوای ئەوەی نەیتوانی رازی بكات گرێبەستەكەیان لەگەڵ نوێ بكاتەوە.

یانەكە هەروەها نرخی ئەو یاریزانەشی ئاشكرا كردووە و جەختی كردەوە كە بە كەمتر لە 50 ملیۆن پاوەن دەستبەرداری نابن.

جێی باسە كێشەی سەرەكی سانچێز و یانەی ئارسناڵ سەبارەت بە مووچەوە بووە كە یانەكە ئامادەنەبووە مووچەی هەفتانەكەی ئێستای زیاتر بكات كە 130 هەزار پاوەنە، لەبەرامبەریشدا ئەو هێرشبەرە داوای 250 هەزار پاوەنی كردبوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م