"هاوردەكردنی ماسی دەست پێ دەكاتەوە نرخەكەی دادەبەزێت"

:: PM:09:46:14/06/2022 ‌

دوای ئەوەی بەهۆی قەدەغەكردنی راوەماسییەوە، نرخی ماسی بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە، لە دوو رۆژی داهاتوودا وەرزی راوكردنی ماسی دەست پێ دەكات، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی رای دەگەیەنێت كە دوای ئەوەی بەرهەمی ماسی زۆر بووەوە، نرخەكەی دادەبەزێت و بەو بەرزییەی هەبوو نامێنێت.

هەركاتێك راوی ماسی قەدەغە بكرێت، نرخی ماسی بەرز دەبێتەوە، چونكە بەرهەمی ماسی كەم دەبێتەوە و خواست لەسەری زۆر دەبێت، ماسی فرۆشێك ئاماژە دەكات كە ماسی حەوز گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام ئێستە ئەویش خواستی لەسەر نەماوە و رۆژانە كڕیارێكی كەمی هەیە، بەرپرسێكی حكوومەتیش دەڵێت، بڕیاری هاوردەكردنی گۆشتی ماسی دەرچووە و چاوەڕێی بازرگانەكان دەكەین كە مۆڵەتی هاوردەكردنی ماسی وەربگرن.
چاوەڕێی بازرگانەكان دەكەین كە مۆڵەتی هاوردەكردنی ماسی وەربگرن
سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە "وشە"ی راگەیاند، لەگەڵ دەست پێكردنەوەی راوی ماسی و تەواوبوونی وەرزی قەدەغەكردنی راو، ماسی لە ناو بازاڕ زیاد دەبێتەوە، ئەمەیش كاریگەری لەسەر نرخی گۆشتی ماسی دروست دەكات و دادەبەزێت، بەڵام دابەزینەكە زۆر نابێت وەك ئەوەی رابردوو هەبوو كە نرخی كیلۆی چەند هەزارێك بوو.

روونی كردەوە، لە 29ی ئایارەوە، بڕیاری هاوردەكردنی ماسی لە شارەكانی عێراق و ئێرانەوە دراوە، بەڵام تا ئێستە بازرگانان نەهاتوون مۆڵەتی هێنانی ماسی وەربگرن و لە دەرەوە هاوردەی بكەن، بۆیە ئەوەی هەیە بەرهەمی ناوخۆییە و بە دڵنیاییەوە بەشی پێویست ناكات، ئەوەیش وای كردووە نرخی ماسی بەرز ببێتەوە، ئەو نرخەیش پێوەستە بە خواست و خستنەڕوو، كە راوەماسی دەستی پێ كردەوە و لە دەرەوەیشەوە هاوردە كرا، نرخەكە دادەبەزێت.

پێوەست بەو بابەتەوە سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی ماسی پێوەندی بە قەدەغەی راوەماسییەوە هەبوو، لە ماوەی پێشوو وەرزی گەرادانان بوو و وای كرد ماسی راو نەكرێت و بەرهەم كەمبێتەوە، ئەوەی هەبوو هی حەوزەكان بوو، ئێستە نرخی كیلۆی ماسی لە بازاڕ لە هەشت هەزار دینار بۆ 12 هەزار دینارەوەیە بەپێی جۆرەكەی، بەڵام لەگەڵ دەست پێكردنەوەی راوی ماسی خەڵكانێكی زۆر كاریان راوكردنە و بڕی ماسی زیاد دەكا و نرخەكەیشی دادەبەزێتەوە، چونكە هەركات بەرهەم زیاد بوو نرخیش دادەبەزێت.

محەمەد جاف، فرۆشیاری بەكۆی ماسییە بە "وشە"ی راگەیاند، خواست لەسەر ماسی كەم بووەتەوە، پێشتر رۆژانە یەك تۆن و نیو ماسیمان لای ماسی فرۆشەكان ساغ كردەوەتەوە، بەڵام ئەوە چەند رۆژێكە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیووە و رۆژێكی وەك ئەمڕۆ كەمتر لە 100 كیلۆ ماسیم داگرتووە و داومە بە ماسی فرۆشەكان.

روونی كردەوە، ئێستە كیلۆی ماسی لەسەر حەوزەكانەوە بە حەوت هەزار تا هەشت هەزار و 500 دینارە دەچێتە شارەكان، هەركات راوی ماسی دەست پێ بكاتەوە ئەوكات كاریگەری لەسەر نرخیش دەبێت، بەڵام ماسی حەوز ئێستە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونكە كەسانێك هەن حەز بە ماسی رووبار ناكەن، بەهۆی ئەوەی بۆنی دێت و خەڵكی ئێمەیش زۆر لەسەر ئەو بۆنە رانەهاتووە، بە پێچەوانەی ماسی حەوز كە هیچ بۆنێكی نییە.

شایەنی باسە هەرێمی كوردستان بۆ گۆشتی ماسی پێویستی بە زیاتر لە 20 هەزار تۆنە، بەرهەمی پڕۆژەكانی ناوخۆیش زیاتر لە شەش هەزار تۆن دەبێت، ئەمەیش وا دەكات بۆ پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆ پشت بە هاوردەكردنی ماسی ببەستێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل