حەوت ڕێگەی سروشتی بۆ ڕزگاربون لە ژانەسەر

:: PM:01:27:29/03/2017 ‌

زۆر هۆكار هەن كە دەبنە هۆی دروستبوونی ژانەسەر  بەتایبەت گۆڕینی ریجیمی رۆژانە یان بەرنامەی خۆراكی رۆژانە و نووستنی كەم، فشاری دەروونی، كاركردن بۆ ماوەیەكی درێژ، فەرامۆشكردنی ژەمەكانی نانخواردن، یان بەكارهێنانی كۆمپیوتەر بۆ ماوەیەكی درێژ بەبێ‌ دابڕان. ئەم هۆكارانە دەبنە هۆی دروستبوونی ژانەسەر كە زۆر جار ئەم ئازارە بە ڕشانەوە و هێڵنجدان كۆتایی دێت.

زۆرێك لە ئێمە لە كاتی تووشبون بە ژانەسەر چەندان ڕێگە دەگرینەبەر بۆ ڕزگاربوون لەو ئازارە، كە ئاسانترینیان بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەیە كە بۆ كەمكردنەوە و هێوركردنەوەی ژانەسەر بەكاردەهێنرێت، بەڵام بەكارهێنانی ئەم دەرمانانە كاتییە تەنیا بۆ ماوەیەكی كەم ئازارەكە دەوەستێنێت وە زیان بە ئەندامەكانی ناوەوەی لەش دەگەیەنێت بەتایبەتی زیان بە بەكتریا سوودبەخشەكانی ڕیخۆڵە دەگەنێت، لێرەدا چەند چارەسەرێكی سروشتی دەخەینەروو كە دەبنە هۆی نەمانی ژانەسەر كە چەند جۆرێكن وەكو گرژی ، هێشوویی و شەقیقە.

حەوت ڕێگەی سروشتی بۆ ڕزگاربوون لە ژانەسەر:

یەكەم: ئاوی گەرم، بەكارهێنانی ئاوی گەرم لە كاتی بوونی ژانەسەردا دەبێتە هۆی حەسانەوەی مێشك و خاوبوونەوەی ماسوولكەكانی سەر و كەمبوونەوەی فشار، ئەویش بە بەكارهێنانی كیسێكی پلاستیكی لە ئاوی گەرم یان خۆشۆردن بە ئاوی گەرم،  ئەم كردارەش  بە وەستان لە ژێر دوشی حەمام پاشان دەستەكانتان بۆ خوارەوە ڕابگرن بۆ ماوەی 10 بۆ 15 خولەك. لەكاتی ئەنجامدانی ئەم كارەدا خولانەوەی خوێن باشتر دەبێت، بەمشێوەیە ژانەسەر كەم دەبێتەوە بەتایبەتی ژانەسەری درێژ خایەن، بەكارهێنانی ئاوی گەرم بۆ قاچەكانت پێش نووستن بۆ ماوەی 10 خولەك بە چارەسەرێكی باش دادەنرێت بۆ رزگاربوون لە ژانەسەر.

دووەم: بەكارهێنانی گوێز، لەبری بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەی كە بۆ كەمكردنەوەی ئازاری ژانەسەر بەكاردەهێنرێت گوێز بە باشترین چارەسەر دادەنرێت، چونكە گوێز مادەیەكی تێدایە كە پێی دەوترێت سالیسین كە یارمەتی كەمكردنەوەی ژانەسەر دەدات لە ماوەیەكی كورتدا.

سێیەم: لیمۆ، زۆر كاریگەرە و پێكهاتەیەكی بەهێزە تا مامەڵە لەگەڵ ژانەسەر بكات. ئەویش بە تێكەڵ كردنی ئاوی لیمۆ لەگەڵ پەرداخێك ئاوی گەرم دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ژانەسەر، ئەم چارەسەرە سروشتییە بە گرنگ دادەنرێت لە كاتێكدا كە ژانەسەر بەهۆی گازی گەدەوە دروست دەبێت. رێگایەكی بەكارهێنانی لیمۆ ئەوەیە كە سوود لە توێكڵی لیمۆ وەردەگیرێت،   بۆ كەمكردنەوی ژانەسەر ئەویش بە نوساندنی توێكلی لیمۆ بەو شوێنەوەی كە ئازاری هەیە دەبێتە هۆی حەسانەوە و كەمكردنەوەی ئازار. هەروەها خواردنەوەی چای لیمۆ بە شێوەی رۆژانە واتە چوار جار لە ڕۆژێكدا دەبێتە هۆی نەمانی ژانەسەر.

چوارەم: كەم خواردنی چوكلاتە، چوكلاتە بڕێكی دیاریكراو كافاینی تێدایە كە لە زۆر كەسدا دەبێتە هۆی دروست بوونی ژانەسەر لەم حاڵەتەدا دەبێت لە خواردنی چوكلاتە دوور بكەونەوە.

پێنجەم: باوی، باوی بە چارەسەری ژانەسەر دادەنریـَت تەنیا لەماوەی 10 تا 15 خولەك، ژمارەیەكی كەمی باوی هەمیشە بەدیلێكی سروشتی بەسوودە بۆ كەمكردنەوەی ئازار و توانەوەی چەوری لەش.

شەشەم: بیبەری سوور،  بە هاندەری دووەمی هۆرمۆنی ئەندرۆفین دادەنرێت، بیبەری سوور یارمەتی كەمكردنەوەی ژانەسەر دەدات، هەروەها بۆ چارەسەری خراپترین جۆری سەرئێشە بەكاردەهێنرێ و دەتوانرێت وەكو كرێم  بۆ حەسانەوە و هێوربوونەوەی دەمارەكان سوودی لێ وەربگرن.

حەوتەم: دارچین، جۆرە گژوگیایەكە بە شێوەیەكی كاریگەر بۆ چارەسەركردنی ژانەسەر بەكاردەهێنرێت. ئەم چارەسەرەش پێویستی بە هاڕاوەی دارچین لەگەڵ چەند دڵۆپێك ئاو دەبێت تا وەكو گیراوەیەكی توندی لێدێت، پاشان لە ناوچەوان دەدرێت، تا 30 خولەك یان زیاتر، دواتر ناوچەوانتان بەئاوی شلەتێن بشۆن لە ماوەیەكی كورت دا هەست بە حەسانەوە و نەمانی ژانەسەر دەكەیت. ئەم چارەسەرە بۆ كاتێك پێویستە كە ژانەسەر بەهۆی هەوای ساردەوە دروست دەبێت.

سەرچاوە/ getholistichealth



وشە - ئاوات ئازاد