سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان: ئاڵای كوردستان و پێشمه‌رگه‌ كه‌ركووكیان پاراست

:: PM:03:23:29/03/2017 ‌
سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ كه‌ركووك راى گه‌یاند، هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ شاری كه‌ركووك، كارێكی یاسایی و ئاسایییه‌ و بابه‌تێكی نوێ نییه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 29ى ئادارى 2017 سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان راگه‌یه‌نراوێكى بڵاو كرده‌وه‌ و راى گه‌یاند، هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ شاری كه‌ركووك، كارێكی یاسایی و ئاسایییه‌ و بابه‌تێكی نوێ نییه‌، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ڵكردنی ئاڵای عێراقیش له‌ كه‌ركووك بابه‌تێكی یاسایی و ئاسایییه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو له‌ ساڵی 2003 و به‌ تایبه‌تیش دوای هاتنی داعش، ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركووك بوونی هه‌بووه‌ و هه‌ر ئه‌و ئاڵایه‌ش كه‌ركووكی له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و په‌لاماری تیرۆریستان پاراستووه‌.

سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ى داوه‌، پێویست به‌وه‌ ناكات ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر گه‌وره‌ بكرێت و ببێته‌ ماده‌ی ململانێ و لێكترازانی نێوان پێكهاته‌ و لایه‌نه‌كان و هیچ لایه‌نێكیش نابێ بۆ مه‌رامی سیاسیی تایبه‌تی خۆی به‌كاری بهێنێت.

له‌ كۆتای راگه‌یه‌نراوه‌كه‌شدا سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ڵێت، هه‌روه‌ك چۆن ئاڵای كوردستان و پێشمه‌رگه‌ كه‌ركووكیان پاراست، پێویسته‌ فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تی و ته‌بایی نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركووك قووڵتر بكرێت و بپارێزرێت.

دوێنى 28ى ئادارى 2017 ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك به‌كۆى ده‌نگ بڕیارى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستانى له‌سه‌ر داموده‌زگه‌ فه‌رمییه‌كانى شارى كه‌ركووك ده‌ركرد و بڕیاره‌كه‌ش كاردانه‌وه‌ى توركمانه‌كانى به‌دوادا هات و ئه‌مڕۆ توركمانه‌كان خۆپیشاندانیان ئه‌نجام دا.

ژماره‌ی كورسییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ٤١ كورسین كه‌ ٢٦ كورسییان لیستی برایه‌تییه‌، نۆ كورسی هی توركمانه‌كان و شه‌ش كورسی تریش هی عه‌ره‌به‌كانه‌.

به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ مێژوویییه‌كان، كه‌ركووك شارێكی كوردستانییه‌ و دڕنده‌ترین رژێمی عێراقیش له‌ رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 ددانی به‌وه‌دا نا، دواتر له‌ 1974 پاشگه‌ز بووه‌وه‌ و كورد شۆڕشی ئه‌یلوولی كرد به‌ قوربانی له‌ پێناو كه‌ركووك. له‌ 2003 و كه‌وتنی سه‌دام، كورد و ئه‌مه‌ریكا كه‌ركووكیان ئازاد كرد و ئاڵای كوردستان له‌ دیوار و سه‌ر باڵه‌خانه‌كانی ئه‌و شاره‌ هه‌ڵدرا. دواتر له‌ 2005 وه‌ك ناوچه‌ی كێشه‌ له‌سه‌ری نێوان كوردستان و عێراق ماده‌ی 140ی بۆ دانرا، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. ئاڵای كوردستان جگه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تی، له‌سه‌ر هه‌موو باره‌گاكانی حزب و ده‌زگه‌كانی سه‌ربه‌ كوردستان ده‌شه‌كایه‌وه‌ له‌ 2003ـه‌وه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ 2014 و هاتنی داعشه‌وه‌ ئاڵاكه‌ی برده‌ باشووری كه‌ركووك و خۆی كرد به‌ خاوه‌نی پاراستنی شاره‌كه‌. رۆژی 28ی ئادار/مارسی 2017یش ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ده‌نگی دا له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت، به‌ڵام عه‌ره‌ب و توركمان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شدار نه‌بوون.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم