له ناوچه بارزگانییهكانى ناو شارى هه‌ولێر و به تایبه‌ت بازاڕه‌كان، كۆكردنه‌وه‌ى پاره‌ى خۆڵ و خاشاك ده‌ستى پێ كردووه و خاوه‌ن دووكانێكیش ده‌ڵێت بڕى 15 هه‌زار دینارمان لێ وه‌رگیراوه، گوته‌بێژى پۆلیسى هه‌ولێریش ده‌ڵێت گرتنى كه‌سانێك به ساخته پاره‌یان كۆ كردبێته‌وه له‌لایه‌ن پۆلیسى شاره‌وانییه‌وه، كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م ڕائید هۆگر عه‌زیز گوته‌بێژى پۆلیسى هه‌ولێر به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، گرتنى كه‌سانێك به تۆمه‌تى كۆكردنه‌وه‌ى پاره‌ى خۆڵ و خاشاك لاى ئێمه نییه، به‌ڵكو پۆلیسى شاره‌وانی سه‌رپه‌رشتى ده‌كات و ئینجا ئاراسته‌ى ئێمه ده‌كرێت، هه‌ركه‌سێك گیرابێت لاى ئه‌وانه، ئینجا بۆ ئێمه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
محه‌مه‌د نووره‌دین خاوه‌نى دووكانى "tech" له بازاڕى فرۆشتنى كه‌لوپه‌لى كۆمپیوته‌ر له شارى هه‌ولێر به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا به فه‌رمى له‌لایه‌ن شاره‌وانى كۆكردنه‌وه‌ى پاره‌ى خۆڵ و خاشاك له‌لاى ئێمه ده‌ستى پێ كردووه و بڕى 15 هه‌زار دینار له هه‌ر خاوه‌ن دووكانێك وه‌رگیراوه.
له سه‌ره‌تاى ساڵى نوێ و به بڕیارێكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كه وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزاری ڕاسپارد به وه‌رگرتنى بڕێك پاره له هاووڵاتییان له‌كاتى كۆكردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاكى ماڵان به‌بڕى سێ هه‌زار بۆ گه‌ڕه‌كه هه‌ژارنشینه‌كان و بڕى پێنج هه‌زار دینار له گه‌ڕه‌كى ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، له ماوه‌ى رابردووش‌دا شاره‌وانیى هه‌ولێر ئاشكراى كرد كه تا ئێسته وه‌رگرتنى پاره‌ى كۆكردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاك له شارى هه‌ولێر بۆ ماڵان، نه‌چووه‌ته بوارى جێبه‌جێكردن، به‌ڵكو له سه‌ره‌تاى مانگى نیسان جێبه‌جێ ده‌كرێت.