بالاك پێوه‌ندیی سۆزداری له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی كوڕه‌كه‌یدا هه‌یه‌

:: AM:01:56:21/06/2022 ‌
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کردووە، مایکل بالاک، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئەڵمانیا، پێوەندیی رۆمانسی لەگەڵ سۆفیا شنایدەرهانی مۆدێلی لاودا هەیە، کە کچە هاوڕێی ئیمیلیۆی کوڕەکەی بوو، کە کەمتر لە ساڵێک لەمەوبەر لە پۆرتوگال به‌ رووداوێك کۆچی دوایی کرد.

رۆژنامەی "بیڵد"ی ئەڵمانی ئاشكرای كردووه‌، بالاكی تەمەن 45 ساڵان لەگەڵ سۆفیا شنایدەرهانی تەمەن 21 ساڵان پێوه‌ندیی سۆزداری هه‌یه‌.

سۆفیا هاوڕێی كوڕەكەی بالاك بوو، كە ساڵی رابردوو لە تەمەنی 18 ساڵیدا بە رووداوێكی دڵتەزێنی هاتووچۆ له‌ پۆرتوگال كۆچی دوایی كرد.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بالاک و شنایدەرهان لە شوێنە گشتییەکاندا بینراون ماچیان گۆڕیوەته‌وه‌، ئەمەش بوونی پێوەندییەکی سۆزداری لە نێوانیاندا پشتڕاست دەکاتەوە.

ئیمیلیۆ کوڕی ناوه‌نجی بالاك بوو لە خێزانی پێشووی، سیمۆن لامپیێ، کە لە ساڵی 2008 هاوسەرگیرییان كرد و لە ساڵی 2012 جیابوونەوە.

ئەوانەی لە بالاک و شنایدەرهان نزیکن، بە "بیڵد"ـیان گوتووە، پێیان وایە پێوەندییەکەیان باشە، هەروەها بەهۆی جیاوازیی تەمەنی 24 ساڵی نێوانیان، بێزار نین.

بالاک یەکێکە لە دیارترین ئەستێرەکانی تۆپی پێی ئەڵمانیا، بۆ یانەكانی بایەر لیڤەرکوزن و بایرن میونشن لە "بۆندسلیگا"دا ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە، جگە لە چێڵسی، هەروەها بەشداری لە 98 یاریی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا كردووه‌، كه‌ 42 گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام نەیتوانی هیچ نازناوێک لەگەڵ مانشافت  بەدەست بهێنێت، پێش ئەوەی لە ساڵی 2012 واز لە یاریكردن بهێنێت.





وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا