عەبادی و شا سەلمان كۆبوونەوە

:: PM:04:26:29/03/2017 ‌


ئەمڕۆ چوارشەم لە پەراوێزی لووتكەی عەرەبی لە ناوچەی دەریای مردووی ئوڕدن، هەریەك لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شا سەلمان پاشای شانشینی سعوودیە كۆبوونەوە.

دیدارەكەی عەبادی و شا سەلمان دوای ئەوەی دێ لە ماوەی ڕابردوو پێوەندییەكانی بەغدا و ڕیاز گرژی زۆری بەخۆیەوە بینی، بەتایبەت لەوكاتەی باڵوێزی سعوودیە لە عێراق ڕەخنەی توندی لە حكوومەتی ئەو وڵاتە و دەستوەردانی ئێران لە كاروبارەكانی عێراق گرت.

پاشان سعوودیە بڕیاری گۆڕینی باڵوێزی وڵاتەكەی لە بەغدا دەركرد و كەسێكی تری وەك باڵوێز ناردە بەغدا و هاوكات لەمیانەی كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی سعوودیە لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق كۆبووەوە و دواتریش وەزیری دەرەوەی سعوودیە سەردانی بەغدای كرد و ئەمەش پێوەندییەكانی هەردوو وڵاتی بەرەو ئاساییبوونەوەی تەواو بردووە.

ئەمڕۆ چوارشەمیش پاشای سعوودیە و عەبادی لە ئوڕدن دیداریان ساز كرد، ئەمەش لە كاتێكدا لەسەردەمی حكوومەتەكانی مالیكی، سعوودیە و پاشای پێشووی ئەو وڵاتە هەرگیز ئامادە نەبوون چاویان بە نووری مالیكی بكەوێ، هەرچەند مالیكی لەلایەن چەندان كەسایەتی و سیاسەتمەداری باڵاوە دەسپێشخەری دەكرد بۆ سەردانی كردنی سعوودیە و دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د