هاوپەیمانی سیادە بەشداری لە دانیشتنی سبەی پەرلەمان دەكات

:: PM:11:33:22/06/2022 ‌

بڕیارە سبەی پێنجشەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی بۆ سوێندخواردنی یاسایی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی رەوتی سەدر ساز بكات، هەر ئەمڕۆ هاوپەیمانی سیادە لە دوای كۆبوونەوەیەك بڕیاری دا بەشداری لە دانیشتنی سبەی پەرلەمان بكات.

بەپێی بەیاننامەیەكی كورتی هاوپەیمانیەتییەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم ئەندامانی هاوپەیمانی سیادەی سوننە لە ماڵی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆ بوونەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی هەڵوێستیان سەبارەت بە ئامادەبوون یان نەبوون لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق. 
پارتی و سیادە بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەكەن
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان كە تا ئێستە بەفەرمی رانەگەیندراوە، سەرچاوەیەكی پەرلەمانی ئاشكرای كرد كە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی بەشداری لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق دەكەن.

لای خۆیەوە ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێشبینی كرد كە ئەندامانی فراكسیۆنەكە ئامادەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق ببن، گوتی، هەڵوێستی ئێمە لە ئامادەبوونی دانیشتنەكە نزیكترە، چونكە بەشێكین لە پرۆسەی سیاسی و ئامادەبوونمان بەڵگەیە لەسەر بوونی خواستی بەشداریكردنێكی كارا لە پرۆسەی سیاسیدا.

ئاماژەی كرد، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرێگەوەیە بۆ پێدانی مافەكانی هەرێمی كوردستان بە پارتی، ئەوەیش دیارترین مەرجەكانی ئێمەیە بۆ چوونە ناو پرۆسەی سیاسی، دووپاتی كردەوە كە ئەگەر پرۆسەی شوێنگرتنەوەكە لە دانیشتنی سبەی بەڕێوە چوو، مانای ئەوە نییە لەگەڵ چوارچێوەدا چووینەتە ناو هاوپەیمانیەتی، ئەوەی هەیە ئاماژەی ئەرێنیمان لە سەرانی چوارچێوە لەبارەی وەرگرتنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم و گەلی كورد بەدەست گەیشتووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل