لە هەڵبژاردنی داهاتوودا جیاكردنەوەی دەنگەكان ئەلیكترۆنی دەبێت

:: PM:06:23:29/03/2017 ‌
بەرپرسێكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رای دەگەیەنێت كە گرێبەستێكیان لەگەڵ كۆریای باشوور ئیمزا كردووە بۆ كڕینی ئامێری جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی دەنگەكان كە دەبێتە مایەی زوو راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

وائیل وائیلی سەرۆكی كارگێڕی هەڵبژاردن لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئەمڕۆ چوارشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە هەفتەی رابردوو كۆمیسیۆنەكە گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای میرۆی كۆریای باشوور لە توركیا ئیمزا كردووە بۆ كڕینی ئامێری جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی بەمەبەستی زوو راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. 

زیاتر گوتی، ئەو پڕۆژە بازدانێكی گەورەیە لە رووی تەكنیكی ئەلیكترۆنی كە كۆمیسیۆن پێی هەڵدەستێ لە گواستنەوەی پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان كە پێویستی بە ژمارەیەكی گەورەی فەرمانبەران هەیە، بۆ تەكنیكێكی ئەلیكترۆنی كە پرۆسەكە خێراتر دەكات و لە بەكارهێنانی دەستی دووری دەخاتەوە.

دووپاتی كردەوە كە ئەوەیان یەكێكە لە پڕۆژەكانی كۆمیسیۆن بڕیاری جێبەجێكردنیانی داوە لەوانە دروستكردنی كارتی دەنگدان و دواتر پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران و جەختی لەوەش كردەوە كە ئەو هەنگاوە چاڵێكی گرنگی گۆڕانكارییە بەمەبەستی پاراستنی دەنگی هاووڵاتییان لە دەستوەردان و ساختەیی. 

عێراق خۆی لەبەردەم دوو پڕۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە ئەیلوول/ سێپتێمبەری داهاتوو و هەڵبژاردنی گشتی لە 2018 دەبینێتەوە، سیروان ئەحمەد ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە روون نییە كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق لە 2017 دەكرێت، بەڵام هەموو قەوارە سیاسییەكان هەوڵ دەدەن و كار بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو هەڵبژاردنە بۆ ئەمساڵ نەكرێت.

سەرچاوە: ئەلغەد 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل