ئاژانسی
بلۆمبێرگی ئه‌مه‌ریكی له ڕاپۆرتێكدا دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه له ئه‌نجامی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌لایه‌ن ڕووسیاوه به نرخێكی هه‌رزانتر له نرخی بازاڕی وزه بۆ وڵاتانی ئاسیا، عێراق گه‌وره‌ترین زیانی به‌رده‌كه‌وێ و خواست له‌سه‌ر كڕینی نه‌وته‌كه‌ی له‌لایه‌ن وڵاتانی ئاسیاوه به ته‌واوی ڕوو له دابه‌زین ده‌كات. ئه‌مه‌یش گرفتی گه‌وره بۆ ئابووری عێراق دروست ده‌كات.
له ڕاپۆرته‌كه‌ی ئاژانسی بلۆمبێرگی ئه‌مه‌ریكی هاتووه، له ئه‌نجامی هه‌نارده‌كردنی زۆرترین بڕی به‌رهه‌می نه‌وتی ڕووسیا بۆ وڵاتانی ئاسیا به نرخێكی هه‌رزان، عێراق گه‌وره‌ترین زیانی به‌رده‌كه‌وێت، مامه‌ڵه‌كران و كڕیارانی باره نه‌وته‌كانی عێراقیش ئێسته به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ڕێكناكه‌ون و باره‌كان له نێو كه‌شتییه‌كان ده‌مێننه‌وه و هه‌نارده‌كردنیان دوا ده‌كه‌وێت، له كاتێكدا پێش هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ڕووسیا بۆ ئاسیا، باره نه‌وته‌كانی عێراق له كه‌نداو به خێرایی ده‌كڕدران و به‌ره‌و ئاسیا ده‌ریایان ده‌بڕی، به‌ڵام ئێسته دۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه نییه.
عێراق به دووه‌م هه‌نارده‌كانی نه‌وت له رێكخراوی ئۆپێك له دوای سعوودیه هه‌ژمار ده‌كرێ و زۆرترین بڕی نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی بۆ وڵاتانی چین ڕه‌وانه ده‌كات، به دیاریكراویش چین و هیندستان كه دوو گه‌وره ئابووری زه‌به‌لاحی ئاسیا و جیهانن كڕیاری سه‌ره‌كی نه‌وتی عێراقن، به‌ڵام ئێسته به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕووسیا نه‌وت به هه‌رزانتر به‌و دوو وڵاته ده‌فرۆشرێت، بۆیه هه‌ریه‌ك له نیوده‌لهی و په‌كین خواستیان له‌سه‌ر كڕینی نه‌وت له عێراق كه‌متر بووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش زیانێكی گه‌وره‌یه بۆ عێراق، بۆیه وه‌زاره‌تی نه‌وتی وڵاته‌كه به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌دات كه كڕیارانی ئه‌وروپی بۆ خۆی كێش بكات.
به‌سڕه به شاده‌ماری به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و ناوه‌ندی سه‌ره‌كی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق داده‌نرێ و به به‌رده‌وامی نه‌وتی خامی قورس و مامناوه‌ندی لێ ڕه‌وانه‌ی بازاڕی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرێت، به گوێره‌ی بلۆمبێرگ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی مۆسكۆ به هه‌رزانفرۆشكردنی نه‌وت به وڵاتانی ئاسیا گورزێكی گه‌وره و كوشنده‌یه له عێراقی داوه و ئێسته كڕیارانی نه‌وتی عێراق مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و داوا ده‌كه‌ن كه نه‌وتیان به نرخی هه‌رزانتر پێ بفرۆشرێت، به پێچه‌وانه‌وه نه‌وتی عێراق ناكڕن و ڕوو له نه‌وتی ڕووسیا ده‌كه‌ن.
وایكردووه كه هه‌ریه‌ك له چین و هیندستان ده‌سبه‌رداری نه‌وتی عێراق بن
جیا له هه‌رزانكردنی نرخی نه‌وت له‌لایه‌ن ڕووسیاوه، هاوكات كوالێتی نه‌وتی عێراق به به‌راورد به نه‌وتی ڕووسیا وایكردووه كه هه‌ریه‌ك له چین و هیندستان ده‌سبه‌رداری نه‌وتی عێراق بن، چونكه نه‌وتی به‌سڕه به خامی قورس و مامناوه‌ند هه‌ژمار ده‌كرێ و پاڵاوتن و به‌رهه‌مهێنانی جۆره‌كانی سووته‌مه‌نی له‌و جۆره نه‌وته تێچووی زۆری ده‌وێت و كه‌متر بڕی جۆره‌كانی سووته‌مه‌نیش به‌ده‌سته‌وه ده‌دات، به به‌راورد به نه‌وتی ڕووسیا، بۆیه زیاتر بۆ وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌مه‌یش خواستێكی ڕه‌وایه له‌لایه‌ن كڕیارانه‌وه كه نه‌وتێك بكڕن كه ڕێژه‌یه‌كی زۆرتری به‌نزین و گازی لێ ده‌ستبخه‌ن، نه‌ك به نرخێكی گرانتر نه‌وتێكی تێكه‌ڵه بكڕن، كه ڕێژه‌یه‌كی كه‌متری به‌نزین و گازی لێ به‌رهه‌مبهێنرێت.
دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا، وڵاتانی ئه‌وروپا و ڕۆژئاوا چه‌ندان گورزی سزا و گه‌مارۆیان به‌سه‌ر ڕووسیا سه‌پاند، یه‌كێك له سیاسه‌ته‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپایش كه هاورده‌كاری سه‌ره‌كی نه‌وت و گازی ڕووسیایه، بریتییه له گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی تری هاورده‌كردنی نه‌وت و گاز و ده‌سبه‌رداربوون له كڕینی نه‌وت و گاز له ڕووسیا. ئه‌مه وای له مۆسكۆ كرد كه زووتر هه‌نگاو بنێت و به‌ر له‌وه‌ی ئه‌وروپا ده‌سبه‌رداری كڕینی نه‌وت و گازی ئه‌و وڵاته بێت، ڕووسیا خۆی هه‌نارده‌ی نه‌وت و گازی له چه‌ندان وڵاتی ئه‌وروپا گرته‌وه و ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ی بۆ چه‌ندان وڵاتی تریش به ته‌واوی كه‌م كردووه‌ته‌وه. له‌بری ئه‌وه زۆرترین هه‌نارده‌ی نه‌وت و گازی ڕووسیا ئێسته بۆ چین و وڵاتانی ئاسیایه، به گوێره‌ی زانیارییه بڵاوكراوه‌كانیش ڕێژه‌ی كڕینی نه‌وت و گازی ڕووسیا له‌لایه‌ن چینه‌وه به بڕی 55% به‌رزبووه‌ته‌وه، به به‌راورد به كاتی پێش هێرشی مۆسكۆ بۆ سه‌ر ئۆكراینا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا به دوای جێگره‌وه‌ی نه‌وت و گازی ڕووسیان، به‌ڵام زیاتر بایه‌خ به نه‌وت و گازی وڵاتانی باكوری ئه‌فریقا و كه‌نداو به گشتی و سعوودیه و ئیماڕات به تایبه‌تی ده‌ده‌ن و تا ئێسته بایه‌خێكی ئه‌وتۆیان به نه‌وتی عێراق نه‌داوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و پاشاگه‌ردانی له عێراق بوونی هه‌یه و میلیشیاكان دوور له هه‌موو یاسا و ڕێسا و ڕێككه‌وتنێك كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق، وڵاتانی ئه‌وروپا گرنگی به نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، كه ئێسته نه‌وتی كوردستان به‌شی زۆری ڕه‌وانه‌ی وڵاتانی باشووری ئه‌وروپا ده‌كرێت.