هاوسەرە دووگیانەكەی دەكوژێت و تەرمەكەیشی سووتاند

:: PM:05:27:23/06/2022 ‌

میدیاكانی میسر بڵاویان كردەوە كە ئەمڕۆ پێنجشەم بازرگانێك بەهۆی ئەوەی ژنەكەی بە كۆرپەلەیەكی مێیینە دووگیانە، دەیكوژێت و تەرمەكەیشی دەسووتێنێت. 

ماڵپەڕی "سەدا بەلەدی"، لە راپۆرتێكیدا دەڵێت، بازرگانێكی میسری ژنەكەی خۆی دەكوژێت و تەرمەكەی لە ناوچەیەكی بیابان لە شاری 6ی ئۆكتۆبەر لە پارێزگای گیزە فڕێ دەدات، دوای ئەوە بۆ شاردنەوەی رووخساری ئاگری تێبەردەدات، بەڵام دەسەڵاتداران تاوانەكەیان ئاشكرا كرد و ئەو كەسەیان گرت.
تا ئاشكرا نەبێت لە ناوچەیەكی چۆڵەوانی ئاگری لە تەرمەكەی بەرداوە
راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن كە پۆلیسی ئەو پارێزگایە لەلایەن بنكەی پۆلیسی 6ی ئۆكتۆبەرەوە ئاگەدار كراوەتەوە بەوەی یەكێك لە ماڵباتەكان سكاڵای كردووە، بەوەی لەناكاو كچەكەیان دیار نەماوە و ئەوان گومانیان لە مێردەكەیەتی، چونكە ئەو حەزی دەكرد كوڕیان ببێت، كە زانیویەتی ژنەكەی بە مێینە دووگیانە، توڕە بووە. 

دوای بانگكردنی پیاوەكە، لێكۆڵینەوەكان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ناكۆكی لەگەڵ هاوسەرەكەی هەبووە و ژنەكەیش دووگیان بووە، سەرەتا گوتوویەتی كە شوێنی ژنەكەی نازانێت، بەڵام دوای ئەوە ددانی بەوەدا ناوە كە دوای دەمەقاڵییەك لە نێوانیان بەتوندی لێی داوە و كەوتووەتە سەر زەوی، ئەو هەر لێی داوە تا گیانی لەدەست داوە.

تاوانبارەكە ئاماژەی كرد، دوای ئەوەی زانی كە گیانی لەدەست داوە، بڕیاری داوە خۆی لە تەرمەكەی رزگار بكات تا ئاشكرا نەبێت، بۆیە تەرمەكەی بۆ ناوچەیەكی چۆڵەوانی و بیابان بردووە و بەنزینی پێدا كردووە و ئاگری تێ بەرداوە، بۆ شاردنەوەی رووخساری، دوای ئەوە گەڕاوەتە ماڵەكەی، بۆیە تۆمەتبارەكە شوێنی تەرمەكەی ئاشكرا كردووە و پۆلیسیش دۆزیویانەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل