منداڵێكی 12 ساڵ سەردەبڕدرێت

:: PM:05:51:23/06/2022 ‌

دۆخی دەروونی و كۆمەڵایەتی عێراقییەكان زۆر ماندووە، دەیان تەنگژە تێكەڵ بە بێكاری و هەژاری بووە و وای كردووە ئاستی توندوتیژی زۆر بەرز ببێتەوە، لە پارێزگای سەماوە سەنتەری پارێزگای موسەنا تاوانێكی قێزەوەن منداڵێكی 12 ساڵی بێ تاوان دەكاتە قوربانی ناكۆكیی نێوان دوو ماڵبات، كاتێك سێ كەس منداڵەكە سەردەبڕن و جەستەی بە تیزاب دەسووتێنن.
تەرمەكەی فڕدراوەتە ناو رووباری فورات
وردەكاریی تاوانەكە ئەوەیە كە بەر لە 30 رۆژ منداڵێكی تەمەن 12 ساڵ ون دەبێت، پۆلیس لەو حاڵەتە  ئاگەدار كراوەتەوە، بۆیە لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە و سێ تاوانبار گیران، كە یەكێكیان ژنە و دووەكەی تر یەكێكیان مێردیەتی و ئەوەی تر برای، وەك یەكێك لە تۆمەتبارەكان دەڵێت، ئەو منداڵە لەسەر دەستی خوشكەكەی سەربڕدراوە، ئەوەیش بەهۆی بوونی ناكۆكییەك لە نێوان ئەو و دایكی منداڵەكە، بۆیە دوای بڕینی سەری منداڵەكە، لەناو چاڵێك لە نزیك ماڵەكەیان فڕیان داوە.

تاوانبارەكە دەڵێت، دوای 20 رۆژ لە رووداوەكە، بەهۆی شیبوونەوەی، بۆنی گەنیوی تەرمەكە هات، بۆیە هەستاین بە بەكارهێنانی مادەی تیزاب بۆ شیكردنەوەی تەرمەكە و ونكردنی بۆنەكەی، دوای ئەوە گواستمانەوە و فرێماندایە ناو رووباری فورات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل