لەشەوی گواستنەوەی ژنی دووەمدا ماڵی پیاوێك دەسوتێنرێت

:: PM:06:32:29/03/2017 ‌
لەكەمپی دۆمیز لەشاری دهۆك بەهۆی هێنانی ژنی دووەم لەلایەن پیاوێكەوە، ژنی یەكەمی پیاوەكە ماڵەكەی دەسوتێنێت.

رووداوەكە بەوشێوەیە بووە، كە لەچەند رۆژی رابردوو پیاوێك دەیەوێت ژنی دووەم بێنێت، بەڵام  ژنی یەكەمی پیاوەكە رازی نابێت لەئەنجامدا  و پیاوەكە بەردەوام دەبێت لەسەر بڕیارەكەی خۆی و ژنی دووەمی هێنا، لەوكاتەی پیاوەكە سەرقاڵە بەگواستنەوەی ژنی دووەمی ماڵەكەی دەسوتێت وبەپێی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا دەبێت كە ماڵەكەی لەلایەن ژنی یەكەمییەوە سوتێنراوە.

ئەمڕۆ 29ی ئاداری 2017 بێوار عەبدولعزیز بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرێتی گشتی بەرگری شارستانی دهۆك زانیاریەكانی "وشە"ی پشتڕاستكردەوە و رای گەیاند، ئەم زانیاریانە هەیە و پێدەچێت رووداوەكە لەنێو خێزانەكەدا دروست كرابێت و دواتر ئاگرەكە هەر خویان كونترۆڵیان كردبێتەوە.

زیاتر گوتی، دوو رووداوی تری لەوشێوەیە پێشتر لەو كەمپە توماركراوە كە هاوسەری پیاوەكان نایانەوێت فرە ژنی لەنێوانیاندا ئەنجام بدرێت و لەبەرامبەردا ئاگر لە خانوەكانیان بەردەدەن كە ئەمەش شتێكی نوێیە لە سنووری پارێزگای دهۆك سەری هەڵداوە.
ئەو بەرپرسەی بەرگری شارستانی دهۆك گوتی، پێشتر ئەو جۆرە رووداوانە لە سنووری بەرگری شارستانی دهۆك تومار نەكراون و دانیشتوانی دهۆك كاری لەوشێوەیە ناكەن.

بەپێی ئامارەكانی بەرێوەبەرێتی گشتی بەرگری شارستانی دهۆك لەمساڵدا نزیكەی 270 رووداوی ئاگركەوتنەوە و جۆراوجۆر تۆماركراوە كە 25 قوربانی لێ‌ كەوتۆتەوە.

دهۆك- نەوزاد هلوری.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم