گه‌رمیان.. قوتابیان فریای خوێندن ناكه‌ون
گوتنه‌وه‌ی وانه‌ی تایبه‌ت له‌ لایه‌ن مامۆستایانه‌وه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌

:: PM:06:49:29/03/2017 ‌
لەسنوری ئیدارەی گەرمیان گوتنەوەی وانەی تایبەت بەپارە پەرەی سەندوە و بە پێی بەدواداچونی وردیش هەندێك لەو مامۆستایانەی هاندەری بایكۆتكردنی خوێندنی ئەمساڵ بوون لە پشتی دیاردەكەن، پەروەردەی ناوچەكەش دەڵێ ئەستەمه‌ بتوانین رێگری لێ بكەین.

مامۆستا و رۆژنامەنووس شاهۆ ئیبراهیم بە "وشە"ی راگەیاند، دیاردەی گوتنەوەی وانەی تایبەتی بە پارە لە گەرمیان رووی لە زیاد بوون كردوە و بەشی زۆری ئەو مامۆستایانەش بەو كارە هەڵدەستن بە بەڵگە و ناو لامە ئەوانەن كە داكۆكیكاری ئەوە بوون پرۆسەی خوێندن لە ناوچەكە پەكی بكەوێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، وانە تایبەتیەكان لەماڵەوە و لە سەنتەر و كتێبخانەكان دەگوترێنەوە.

دارا ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە راستیدا ئێمە پێ لەسەر ئەوە دادەگرین كە مامۆستایان خولی تایبەت بۆ قوتابیان نەكەنەوە لە بەرامبەر پارەدا، بەڵام وەك پەروەردە رێگرنین لەوەی لەپاش دەوام بەگوتنەوەی واتنەی تایبەت هەستێ.

زیاتر گوتی، ئەوە بە كارێكی نەشیاو دەزانین و دان بە بوونی دیاردەكە ده‌نێین.

سیروان حەسەن كە یەكێك لە منداڵەكانی لە پۆلی 12ی ئامادەییە بۆ "وشە" رای گه‌یاند، بە شەوان كوڕه‌ قوتابیەكەی دەچێ بۆ ماڵی مامۆستاكەی و لەبەرامبەردا بۆ ته‌واوكردنی هه‌ر بەشێك لە پرۆگرامەكانی بیركاری نزیكەی 100 هەزار دینار به‌ مامۆستاكه‌ی ده‌دات.


مامۆستا حەسەن محەمەد بەشدارێكی خۆپیشاندانەكانی گه‌رمیان و درێژە پێدەری بایكۆتی خوێندن بۆ "وشە" گوتی، قوتابیان پێویستیان بەوەیە وانەی تایبەتیان لە پاش دەوام پێ بگوترێتەوە، ئێمەش پێویستیمان بەوەیە هاوكاری بكرێین.

دوای مانگی 10ی ئەمساڵ پرۆسەی خوێندن لەسنوری ئیدارەی گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانی بۆ ماوەی 3 مانگ پەكخرا و مامۆستایانی سەربەچەند لایەنێكی دیاری كراو لە پشتی ئەو بایكۆتەوە بوون .

گەرمیان: سەبری هۆرینی.


وشە - عه‌لی سدیق