خاوەن دوكانەكانی روڤیا گردبونەوەی ناڕه‌زایی ئەنجام دەدەن

:: PM:06:58:29/03/2017 ‌
ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە بەشێك لە خاوەن دوكانەكانی سنووری شارەدیێ‌ روڤیای سەر بە شارۆكەی بەردەڕەش بەهۆی خراپكردنی دوكانەكانیان لەلایەن شارەوانی گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجام دا.

سدیق عه‌بدوڵڵا یەكێكە لەو كەسانەی كە دوكانەكەی تێكدراوه‌، بە "وشە"ی راگه‌یاند، لەسەر موڵكی خۆم كە تاپۆ و سەنەدم هه‌یه‌ دوكانێكم دروست كردوە و رۆژانە لەو دوكانە داهاتێك بۆ خۆم و خێزانەكەم پەیدا دەكەم، بەڵام بە پاساوی زیادەڕۆیی بە بڕیاری شارەوانی روڤیا ئەمڕۆ دوكانه‌كه‌م رووخێندرا،

زیاتر گوتی، تەنیا دوكانەكەی من نه‌ڕوخێندرا، بەڵكو چەند دوكانێكی تریش روخێنڕاوە، بۆیه‌ بە بەشداری زۆرتر لە سەد دوكاندار گردبوونەوەیەكمان ئەنجامداوە و داوا لە شوێنە پەیوەندیدارەكان دەكەین كە وازبێنن لەو خەڵكە بێ كاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی بژێوێك بۆ خۆیان په‌یدا بكه‌ن.

خەلیل مەحموود قائیمقامی شارۆكەی بەردەڕەش بە "وشە"ی راگه‌یاند، بە مەبەستی نەهێشتنی زیادەڕۆیی كە یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكانی پارێزگای دهۆك چەند دوكانێك لە سنووری شارەدێی روڤیا كە زیادەڕۆییان لەسەر موڵكی گشتی و حكوومەت كردووە روخێنڕاون و هیچ دوكان و خانویەك نەروخێنڕاوە ئەگەر زیادەڕۆیی لەسەر نەكرابێت.

مه‌حموود ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئەگەر رێگە بدەین خانو و بازاڕ لەسەر موڵكی گشتی و حكوومەت و شاروانی دروست بكرێت ئەوا رێژەی زیادەڕۆیی لەزیادبوون دەبێت، ئێمە بەرنامەیەكمان هەیە و بە هاوكاری پارێزگای دهۆك هەموو ئەو بازاڕ و خانوە زیادەڕۆیانە دەبێت چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه‌ و نابێت له‌وه‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌ بكه‌ن.


بەپێی زانیارییەكانی وشە نزیكەی 80%ی دوكانەكانی سنووری شارەدێی روڤیا زیاده‌ڕۆییان لەسەر كراوە بە تایبەت لە سەنتەری شارەدێكه‌دا.

بەردەڕەش: نەوزاد هلۆری.


وشە - عه‌لی سدیق