سوپای عێراق لەسەر داواكاری هاتە كۆرمۆر

:: PM:01:21:25/06/2022 ‌
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێكی سوپای عێراق هاتنە نزیك كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنووری شارەدێی قادركەرەم و دوای چەند سەعاتێك مانەوە و چاودێری ناوچەكە، كشانەوە. بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سوپا لەسەر داوای ئیدارەی ناوچەكە هاتە سنووری كۆرمۆ.

ئەو جووڵە گوماناوییە دوای كەوتنەخوارەوەی كاتیۆشایەك دێ كە ئێوارەی دوێنێ هەینی لە سنووری كێڵگە غازییەكە رووی دا، ئەوەیش دووەم جاربوو لە هەفتەیەكدا كاتیۆشا بە كێڵگەوە بنرێ، بەڵام یەكەمجارە رووی كاتیۆشاكان لە عێراقەوە راستەی پارێزگای سلێمانی وەردەگرن.

جۆرێك رێگری لێكراوە و دواتر بێ روودانی هیچ كێشەیەك كشانەتەوە بەرەو شوێنی خۆیان
بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" لە سەرچاوەیەكی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە دەستی خستووە، "هێزەكەی سوپای عێراق لەسەر داوای بەرپرسانی ئیداری سنووری قادركەرەم هاتوون و پێدەچێ یەكێتی نیشتمانیش پشتیوانی ئەو داواكارییەی كردبێت، گوایە ویستویانە سوپا بێت پشكنینێك لە ناوچەكەدا بكات بۆ دۆزینەوەی هۆكاری ئەو مووشەكبارانە و هاوكات ناسینەوەی سەرچاوەی ئاراستەكردنی كاتیۆشاكان".

"بەڵام دوای ئەوەی هێزەكەی سوپا ویستویەتی زیاتر لە داواكارییەكە بجووڵێت، جۆرێك رێگری لێكراوە و دواتر بێ روودانی هیچ كێشەیەك كشانەتەوە بەرەو شوێنی خۆیان" سەرچاوە سەربازییەكە وای گوت.

كۆرمۆر دەوڵەمەندترین كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستان و عێراقە و كۆمپانیای داناغازی ئیماراتی كاری وەبەرهێنانی تێدا دەكات، ماوەیەكە بەهۆی شەڕی ئۆكراینا و رووسیا بووەتە باسی گەرمی میدیا كە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە و لە ماوەی نزیكدا بەرهەمەكەی دەگاتە ئاستی هەناردە، بۆیە زۆر چاوی لەسەرە و نەیاریشی زۆرە.

كۆرمۆر دوای 16ی ئۆكتۆر پشتێنە ئەمنییەكەی لەدەست دا، بەهۆی كشانەوەی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك و خوورماتوو، بۆیە ئێستە وەك ناوچەی موحەرەمە وایە، بەڵام گرێبەست و لایەنی كارگێڕی و جیۆگرافیاكەی سەربە كوردستانە و پاسەوانیشی هەر لەلایەن كوردستانەوە دەكرێت و حكوومەتی هەرێم لایەنی فەرمی گرێبەستەكانی غازە.

بەگوتەی چاودێران، بەگشتیی ئەوەی لەو ناوچەیە دەگوزەرێ شیاوی چاودێری وردترە، چونكە یەكەمجارە كاتیۆشا و تۆپهاوێژەكانی دیوی عێراق روو لە سنووری سلێمانی دەكەن، هەرچەندە پێشتر 12 جار مووشەكیان ئاراستەی هەولێر كردووە و بریكارەكانی ئێران بەرپرسیارێتییان هەڵگرتووە یان دژەتیرۆری كوردستان لە ماوەیەكی كەمدا شوێنی مووشەكەكانی ئاشكرا دەكرد، بەڵام ئەوە هەفتەیەكە دووەم كاتیۆشا روو لە كۆرمۆر دەكات، نە كەس بەرپرسیارێتی لەئەستۆ دەگرێ، نە لایەنی تەناهیی سلێمانی سەرچاوەكەی راگەیاندووە.


وشە - رامیار جەواد