چەند نهێنییەكی گەشتكردن بە فڕۆكە

:: PM:07:54:29/03/2017 ‌
تا ئێستەش گەشتكردنی ئاسمانی هۆكاری خوازراوی گەشتكردنە لای زۆرێك لە هاووڵاتییان، بەڵام ئەم جۆرە گەشتكردنە چەند نهێنییەكی هەیە وەك ئەوانەی خوارەوە:

-سەلامەتترین كورسی ناو فڕۆكە بۆ پارێزراوی لەكاتی رووداوەكان و تێكشكانی فڕۆكەكە هی پلەی ئیكۆنۆمییە لە نزیك پەنجەرە و نزیك لە دەرچەی فریاگوزاری كە ئەگەری دەربازبوونت زیاترە.

-تاوەری چاودێری لە فڕۆكەخانەكان، فەرمانبەرانی لەو تاوەرانەدا كار دەكەن مووچەی باشیان هەیە كە زیاتر لە 100 هەزار دۆلاری ئەمەریكایی و بەپێی جۆری فڕۆكەخانەكە كەم و زیاد دەكات، هۆكارەكەشی بەهۆی هەستیاری و وردی كارەكەیە كە ناكرێت هەڵەی تیادا بێت و ئەوان لەژێر پاڵەپەستۆی گەورەدان.

-قەرەباڵغی ئاسمان، قەرەباڵغی ئاسمان بەپێی كات لە رۆژ و ساڵدا جیاوازە، كە قەرەباڵغترین كات بوونی 16 هەزار فڕۆكەیە لە هەمان كات لە بواری فڕین لە ئاسمانەوە.

-نیشتنەوەی بێ فڕۆكەوان، رەنگە بۆ كەسانێك مەترسیدار بێت، بەڵام ئەگەر رووی دا  ئەوە كۆتایی دنیا نابێت، چونكە لە راستیدا فڕۆكەوانی رۆبۆت فڕۆكە لێ دەخوڕێت و فڕۆكەوانەكەش تەنیا پەنجە بە دوگمەی پێوەندیكردن و داواكردنی فریاكەوتنەوە دەنێت و كە رێنوێنی پێ درا ئەوە هەر پەنا بۆ فڕۆكەوانی رۆبۆت دەبات.

-نیشتنەوەی ناچاری، تەنیا حاڵەتێكی دەگمەن نییە كە روو بدات، بەڵكو ئاساییە و فڕۆكەخانەكان بە بەردەوام تاقی دەكەنەوە.

-تاسەی ئاسمانی، كە بەهۆی جیاوازی پەستانەوە روو دەدات و بە تایبەتی جۆرە بەهێزەكەی شتێكی ترسناك و كەم روو دەدات. 

-پەنجەرەی بازنەیی، لە 1954 دوو فڕۆكەی گواستنەوەی هاووڵاتییان بەهۆی چوارگۆشەیی پەنجەرەكانیان و لێوار تیژیان كەوتنە خوارەوە.

-ئەو جانتا و كەلوپەلە ونبووانەی ماوەی 90 رۆژ خاوەنیان لێیان ناپرسێتەوە، دەبەخشرێت یان دەخرێتە مەزادی ئاشكراوە.

-لەكاركەوتنی بزوێنەرەكان، حاڵەتی لەكاركەوتنی هەر چوار بزوێنەری فڕۆكە هاوكات زۆر كەم و دەگمەنە، بەڵام ئەگەر رووی دا مانای كۆتایەكەی نییە، بەڵكو رەنگە فڕۆكەوانەكە بە سوودوەرگرتن لە هێزی پاڵنانی ماوە فڕۆكەكە بنیشێنێتەوە.

-خواردنی ناو فڕۆكە، رەنگە هەستت بەوە كردبێت كە خۆراكی ناو فڕۆكە خراپە، بەڵام هۆكارەكەی بۆ جۆری خراپی خواردنەكە نییە، بەڵكو هۆكارەكەی بۆ ئەو پاڵەپەستۆیە دەگەڕێتەوە كە دەخرێتە سەر نەفەرەكان كە دەبێتە هۆی وشكهەڵگەڕانی بۆڕی هەناسەدان و ئەوەش كار دەكاتە سەر گۆپكەكانی چەژتن لەسەر زمان، هەر بۆیەش كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی هەڵدەستن بە زیادكردنی رێژەی خوێ و بەهارات لەو خۆراكەی لە فڕۆكە دەیدەنە نەفەرەكانەوە. 

سەرچاوە: رادیۆ سەوا


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل