دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزییە و ئەمەریكا نیگەرانە.. چی روودەدات؟

:: PM:05:50:25/06/2022 ‌

هێشتا وەڵامێكی رازیكەر بۆ هۆكاری كشانەوەی موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق نییە، تەنانەت سەدرییەكانیش نازانن بۆچی سەرۆكەكەیان لەپڕ بڕیاری كشانەوەی دا و بەنیازی چییە؟، ماڵپەڕێكی ئەمەریكی وێنەیەكی تاریك و رەش بۆ دۆخی عێراق وەسف دەكات، دووپاتی دەكاتەوە كە ئەگەری گەڕانەوەی خۆپێشاندان و خوێنڕشتن لە شەقام هەیە.
دروستبوونی پشێوی سیاسی بە هاوشێوەی بوونی حكوومەتێكی سەر بە ئێران لە بەغدا بۆ ئەمەریكا خراپە
ماڵپەڕی "بلومبێرگ"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكی لەبارەی دۆخی عێراق ئاماژە دەكات، ئەگەر هەیە بە دروستبوونی شەڕ و خوێنڕشتن و گەڕانەوەی خۆپێشاندان بۆ شەقامەكان، لەوكاتەی ئیدارەی جۆ بایدن رووبەڕووی دوو مەترسی دەبێتەوە، دروستبوونی كێشە بۆ گەیشتنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەكانی دنیا و بەهێزبوونی ئێران لە عێراق، لەوكاتەی واشنتن دەیەوێ رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئێراندا ساز بكات.

ئەو ماڵەپەڕە دەڵێت، پێویستە دنیا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییە ئابووری و تەناهییەكان ئامادە بكات بۆ ئەوەی لە عێراق روودەدات، كە رووبەڕووی هاوینێكی گەرم و پڕ لە توڕەیی دەبێتەوە، ئەوەیش لە سایەی كشاندنەوەی موقتەدا سەدر بۆ پەرلەمانتارەكانی لە پەرلەمانی عێراق، بۆیە پێشبینی دەكرێت بەهۆی كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی، خۆپێشاندانی توند بگەڕێتەوە، كە لە كۆتایی 2019 و سەرەتای 2020 عێراقی گرتەوە و بووە هۆی رووخانی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی.

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە خۆپێشاندەرانی سەر بە رەوتی سەدر زۆر توڕەن، ئەویەش دوای ئەوەی موقتەدا سەدری سەركردەیان تووشی بێئومێدی لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ شكستی هێنا، بۆیە سەدر و لایەنگرانی هەست بەوە دەكەن كە پرۆسەی سیاسی ئەوانی پەراوێز خستووە، ئەوەیش وا دەكات گۆڕەپانە گشتییەكان ببنە تاكە سەكۆی پێشاندانی هێز و دەسەڵاتیان.

راپۆرتەكە روونی كردەوە، بەو هۆیەی تا ئێستە سەدرییەكان چەكیان بەدەستە، بۆیە عێراقییەكان رەشبینن بەوەی تا ئێستەیش ئەگەری خوێنڕشتن لە شەقامەكانیان هەیە، جیا لەوە ئەو دۆخەی لە عێراق هەیە وریاكردنەوەیەكی خراپە بۆ ئابووری دنیا، چونكە لەو كاتەی نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە، ناسەقامگیریبوونی دۆخی دووەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوت لەناو رێكخراوی ئۆپێك، واتە عێراق، زۆر مەترسیدارە، چونكە بازاڕی نەوت بە دەست كەمیی خستنەڕووی ئەو بەرهەمەوە دەناڵێنێت، بۆیە كڕیارانی نەوت هیوا دەخوازن كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بتوانێت ژێرخانی نەوت دابین بكات و پارێزگاری لە كاركردنی بۆرییەكانی نەوت بۆیان بكات، ئەوە لە حاڵەتی هەڵگیرسانی جەنگێكی تایفی لە باشووری عێراق، كە زۆرینەی یەدەگی نەوتی عێراق لەوێیە.


راپۆرتەكە پێی وایە جۆ بایدن رووبەڕووی مەترسییەكی دووسەرە دەبێتەوە، لەلایەك هەر كێشەتێكەوتنێكی گەیشتنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەكان، هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ هێوركردنەوەی بازاڕ و دابەزاندنی نرخی بەنزین لە ئەمەریكا، بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی نیوەیی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پایزی داهاتوودا، لەلایەكی تر كشانەوەی سەدر ئێران بەهێزتر دەكات، لە ساتێكی جیۆسیاسی هەستیاردا، كاتێك بایدن دەیەوێ رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ تاران ساز بكات و دراوسێ عەرەبەكانی لەوە دڵنیا بكاتەوە كە مەترسیان لەسەر نییە.

راپۆرتەكە دووپاتی كردەوە كە بەپێی یاسای عێراقی، كورسییەكانی پەرلەمانی سەر بە رەوتی سەدر، بوونە هی كاندیدەكانی شوێنگرەوەیان، كە زۆرینەیان هی حزبەكانی نزیك لە ئێرانە، بۆیە ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیك لە ئێران لە پێگەیەكی بەهێزە لەناو پەرلەمان، ئەوەیش وا دەكات حكوومەتی نوێی عێراق پێكبێنێت.

وەك راپۆرتەكە ئاماژە دەكات، ئەوەیش مانای وایە كە نووری مالیكی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران دەگەڕێتەوە، لە دوو ماوەكەی پێشووی دەسەڵاتی لە نێوان 2006 تا 2014، ئێران بوارێكی كراوەی بۆ رەخسا بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی لە عێراق، بەتایبەتی لە ناو هێزە تەناهییەكانەوە، جیا لەوە پاڵپشتی لە تۆڕی میلیشیا شیعەكان كرد و بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا و مووشەكهاوێشتن و هێرشی درۆنەكان بۆ سەر سعوودیە بەكاری هێنان.

هەرچی سەبارەت بە كازمییە، كە كەسایەتییەكی لایەنگری رۆژئاوایە، تەنیا چەند سەركەوتنێكی لە بواری سنوورداركردنی دەسەڵاتی میلیشیاكان بەدەست هێنا، لەو كاتەی مالیكی هیچی لەو بوارەدا نەكرد، بۆیە ئەگەری هەیە مالیكی لە كاتی بوونی بە سەرۆك وەزیران، هێزە تەناهییەكانی دەوڵەت بۆ سەركوتكردنی هەر خۆپێشاندانێكی لایەنگرانی سەدر بەكار بێنێت.

راپۆرتەكە لە كۆتادا دەڵێت، رەنگە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق چەند هەفتە یان مانگ بخایەنێت، بەڵام حزبە ناشیعییەكان وەك ئەوەی لەگەڵ سەدر گەرم بوون، لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەو گەرموگوڕیەیان نییە، ئێرانیش پەلەی نییە، بۆیە لە كاتی شكستهێنانی گفتوگۆكانی ئەتۆمی، وەك هەندێك پێشبینی دەكەن، تاران دەتوانێت ئازادانە عێراق بۆ نانەوەی كێشە بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكار بێنێت.

لە حاڵەتی دروستبوونی كێشە بۆ هەناردنی نەوتی عێراق بۆ دەرەوە بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی شیعە لە باشوور، ئەوە بۆ ئێران سوودی هەیە، چونكە نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، بەوەی ئەو بڕە نەوتەی ئێران هەناردەی دەكات، پارەی زیاتر دەكات، بۆیە لەسەر بنەمای ئەوە، بۆ ئەمەریكا ئەنجامەكان باش نین، چونكە دروستبوونی پشێوی سیاسی لە بەغدا بە هاوشێوەی بوونی حكوومەتێكی سەر بە ئێران لە بەغدا خراپە.       



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل