گۆڤاری
فۆرێن پۆلسی ئه‌مه‌ریكی بابه‌تێكی ماكسملیان هیس توێژه‌ر و نووسه‌ر له ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه له فیلادلفیای ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی پێویستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌ركۆماری ئه‌و وڵاته بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه وڵاتانی ڕۆژئاوا به گشتی و ئه‌مه‌ریكا مێژوویه‌كی درێژییان له پێوه‌ندی و هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ دیكتاتۆره‌كان و كه‌سه تاكڕۆ و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌كانی وڵاتانی تر له جیهان له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی ڕۆژئاوا هه‌یه، بۆیه پێویسته هه‌مان مێژوو به‌كاربهێننه‌وه و ئه‌ردۆغان بخه‌نه ڕیزی وڵاتانی ڕۆژئاواوه له‌و هه‌ڕه‌شه و پێشهاته مه‌ترسیدارانه‌ی كه له دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا به‌رۆكی جیهانی گرتووه.
هه‌رچه‌نده هاوپه‌یمانیكردن و ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ تاكڕۆ و دیكتاتۆر و خۆسه‌پێن و پێشێلكارانی مافی مرۆڤ و پێكهاته‌كان پێچه‌وانه‌ی مۆرال و به‌ها و پره‌نسیپیه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوایه كه هه‌میشه دووپاتی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام جگه له ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دیكتاتۆره‌كان بژاره‌یه‌كی تر له‌به‌رده‌م وڵاتانی ڕۆژئاوا نییه، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بۆ سه‌ر سیسته‌می جیهان و كه‌مكردنه‌وه‌ی لێكه‌وت و كاریگه‌رییه گه‌وره و ترسناكه‌كانی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه بۆ سه‌ر ئابووری جیهان.
له چه‌ند ساڵی ڕابردوو به‌رده‌وام ئه‌ردۆغان و توركیا له لایه‌ن وڵاتانی ڕۆژئاوا به ناحه‌ز و نه‌خوازراو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه، ئه‌مه‌یش به‌هۆی پاشه‌كشه‌كردنی ئه‌ردۆغان له دیموكراتی له توركیا و گرتن و خستنه زیندانی سه‌دان هه‌زار كه‌س به‌هۆی ڕه‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ته‌كه‌ی و حزبه‌كه‌ی، جیا له‌وه‌یش به‌كارهێنانی كۆچبه‌ران وه‌ك چه‌كێك له دژی وڵاتانی ئه‌وروپا و بۆردمانكردنی كورده‌كان له ناوخۆی توركیا و له سووریا و به ئامانجگرتنی خه‌ڵكی سڤیل و قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌ره‌تاییترین مافه‌كان له پێكهاته‌ی كوردی، یارمه‌تیدانی ئێران بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر سزا و گه‌مارۆكانی ئه‌مه‌ریكا و دواجاریش دروستكردنی كۆسپ و ته‌گه‌ره له‌به‌رده‌م بوونی سوید و فینلاند به ئه‌ندام له هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" هه‌موو ئه‌مانه وایكردووه كه وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕق و كینه‌یان له ئه‌ردۆغان و حكوومه‌ته‌كه‌ی هه‌بێ و هه‌موو هیوا و ئاواتیشیان ئه‌وه‌یه كه له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌ركۆماری توركیا، ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ی تووشی گه‌وره‌ترین شكست ببنه‌وه.
له هه‌موو كات زیاتر وڵاتانی ڕۆژئاوا پێویستیان به ئه‌ردۆغان و توركیایه
به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕاستیانه‌یش، به‌ڵام ئێسته له هه‌موو كات زیاتر وڵاتانی ڕۆژئاوا پێویستیان به ئه‌ردۆغان و توركیایه، له دوای هێرشه فره‌وانه‌كه‌ی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا، توركیا گرنگییه‌كی زۆر گه‌وره و تایبه‌تی له جیۆپۆله‌تیكی ناوچه‌كه هه‌یه و ده‌توانێ ته‌نیا شوێنی ستراتیجی توركیا له ناوچه‌كه ڕۆڵێكی گه‌وره و كاریگه‌ر له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا ببینێت. جیا له‌وه‌یش به‌ر له هه‌ڵایسانی جه‌نگه‌كه توركیا ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی به كییڤ فرۆشت كه ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر جه‌نگه‌كه‌وه هه‌بووه و ڕۆڵی بینیووه له كه‌مكردنه‌وه‌ی خێرایی پێشڕه‌وی هێزه‌كانی ڕووسیا بۆ داگیركردنی ئۆكراینا، بۆیه به ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان و هێنانی بۆ ڕیزی وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئه‌نكه‌ره ده‌توانێ چه‌كی زیاتر بۆ ئۆكراینییه‌كان ڕه‌وانه بكات، به‌مه‌یش سوودی زۆری بۆ ئۆكراینا و زیانی گه‌وره‌ی بۆ سوپای ڕووسیا له ئۆكراینا ده‌بێت.
لایه‌نێكی تر بریتییه له كۆنتڕۆڵكردنی ده‌روازه‌كانی ده‌ریای ڕه‌ش له‌لایه‌ن توركیاوه، بێ ڕه‌زامه‌ندی توركیا ده‌ریای ڕه‌ش وه‌ك بازنه‌یه‌كی داخراوی لێ دێت به ڕووی ڕووسیاوه و كاریگه‌رییه‌كانی زۆر كه‌متر ده‌بێته‌وه، له مانگی شوبات/فێبرایه‌ری ڕابردوویش توركیا ده‌روازه‌ی گه‌یشتنی ده‌ریای ڕه‌شی به ده‌ریای ناوه‌ڕاست داخستووه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا بۆ لایه‌نی سه‌ربازی و جه‌نگییه، نه‌ك بازرگانی، چونكه ڕووسیا ئێسته‌یش هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه، بۆ ڕه‌وانه‌كردنی گه‌نمی دزراوی ئۆكراینا له ڕێی كه‌شتی بارهه‌ڵگره‌وه، بۆ ده‌ریای ناوه‌ڕاست و گه‌یاندنی به وڵاتانی تری دنیا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نكه‌ره و مۆسكۆ چه‌ندانجار گفتوگۆیان كردووه. ڕووسیا ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه، كه به ڕێژه‌ی كه‌متر له 25% له نرخی بازاڕ گه‌نمی ئۆكراینا به توركیا بفرۆشێ و ئه‌وه‌یشی كه ده‌مێنێته‌وه توركیا ڕێ به كه‌شتییه بارهه‌ڵگره‌كانی ڕووسیا ده‌دات كه بچنه ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه و گه‌نمی ئۆكراینا بۆ وڵاتانی تری بگوێزنه‌وه.
به دڵنیاییه‌وه بێ توركیا وڵاتانی ڕۆژئاوا هه‌رگیز ناتوانن گه‌مارۆی ڕووسیا بده‌ن و ڕێگری لێ بكه‌ن، به‌وه‌ی كه به‌نده‌ره‌كانی ئۆكراینا و گه‌نم و سامانی تری ئۆكراینا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بفرۆشێته‌وه و به‌كاری بهێنێت، به‌ڵام كاتێك توركیا بچێته ڕیزی وڵاتانی ڕۆژئاوا و گه‌رووی ده‌رده‌نێل و بۆسفۆر به ڕووی كه‌شتییه بازرگانییه‌كانی ڕووسیایش دابخات، ئه‌وا ئه‌وكات ڕووسیا گه‌وره‌ترین زیانی به‌رده‌كه‌وێ و تووشی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی گه‌وره ده‌بێته‌وه.