هەوڵی فرۆشتنی منداڵێكی شیرەخۆرە دەدرێت

:: PM:06:54:26/06/2022 ‌

دۆخی عێراق بەرەو خراپییە، ئەو تەنگژە ئابوورییەی هەیە تێكەڵ بە هەژاری و بێكاری و هەڵاوسان و نەبوونی دامەزراندن، بەتەواوەتی كاریان كردووەتە سەر دەروونی تاكەكانی كۆمەڵگەی عێراقی، لە پارێزگای نەجەف هەوڵێكی فرۆشتنی منداڵێكی شیرەخۆرە پووچەڵ دەكرێتەوە.
هەوڵیان داوە منداڵەكە بە 15 ملیۆن دینار بفرۆشن
ئاژانسی هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، هێزە گەڕۆكەكانیان توانیویانە باندێكی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە نزیك فڕۆكەخانەی نەجەف بگرن، سەركردەكەیان ژنێكە و هەوڵیان داوە منداڵێكی شیرەخۆرەی تەمەن دوو مانگ بە بڕی 15 ملیۆن دیناری عێراقی، نزیكەی 10 هەزار دۆلاری ئەمەریكی، بفرۆشن. 

زیاتر گوتی، ئەو باندە گیرا و رادەستی لایەنی پێوەندیدار كران بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست، جیا لەوانە لە پارێزگای بابل و لە بەغدایش، ژمارەیەك بازرگانی شوێنەوار گیران، كە پارچەی شوێنەواری كۆنیان پێ بووە.

هەر ئەمڕۆ پۆلیسی پارێزگای موسەنا رای گەیاند كە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لە نێوان دوو هۆزی ئەو پارێزگایە رووی داوە، ئەوەیش بەهۆی رووداوەكەی بەر لە چەند رۆژ پێش ئێستە كە ژنێك سەری مێردەكەی بڕی بوو، شەڕەكە لە نێوان دوو ماڵباتی بكوژ و كوژراوەكە بووە كە لە دوو هۆزی جیاوازن و ژنەكەیش گیراوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل