ئه‌مڕۆ 70یەمین ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی سەرۆک کۆماری کوردستانە

:: AM:09:34:30/03/2017 ‌
بەرەبەیانی رۆژی 30 ئادار 70یەمین ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆک کۆماری کوردستانە، کاتێک سەرۆک کۆمار دەبرێتە چوارچرا و سێدارەی بۆ هەڵدەدرێت، روو لە سەربازە داگیرکەرەکانی پالەوی دەکات و دەڵێ، حەز دەکەم لە ئاخرین چرکەی ژیانیشم بە سەربەرزی و چاوی کراوەوە لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم.

پێشەوا قازی محەمەد لە ساڵی 1893 لە بنەماڵەیەکی ناوداری ناوچەی موکریان، لە مهاباد لەدایک بوو و دوای ئەوەی خوێندنی لای مامی تەواو کرد بە میرزا محەمەدی قازی ناوی دەرکرد و شۆڕشی فەرهەنگی لە ساڵی 1924 دەست پێ کرد.

كۆمەڵێك چالاكی سیاسیی و رۆشنبیر كە ژمارەیان ١١ كەس بوو، ساڵی ١٩٤٢ كۆمەڵەی ژ . ك "كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد"یان دامەزراند كۆمەڵەكە داوای مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی كوردی دەكرد و "رزگاری نەتەوەی كورد"ی وەك ئامانجی ستراتیژی دیاری كردبوو.

لەو ساڵانەدا پێشەوا وەك كەسایەتییەكی سیاسی و فەرهەنگی لە ناوچەی موكریان ناوبانگی دەركردبوو و بووبوو بە كاریزمایەكی كۆمەڵایەتی و زۆربەی رۆژهەڵاتناس و میدیاكارە بیانییەكان كە دەهاتنە كوردستان، لە ماڵەكەی ئەودا دەمانەوە و ماڵەكەی بووبوو بە ناوەندێكی فەرهەنگی و سیاسیی كۆمەڵایەتی. ئەوەیش وای كردبوو دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی ژ. ك بیر لەوە بكەنەوە كەڵك لە كەسایەتی قازی محەمەد وەربگرن بۆ كۆكردنەوەی خەڵك لە دەوری بەرنامە نەتەوەییەكەیان و هەوڵیان دا پێشەوا بكەن بە ئەندامی كۆمەڵەی ژ. ك.

ژیانی سیاسیی پێشەوا لەوكاتەوە دەستی پێ كرد كە بوو بە ئەندامی نهێنی كۆمەڵەی ژ. ك و بە ناوی خوازراوی "بینایی" چالاكییەكانی بۆ پەرەپێدانی بیری نەتەوەیی كۆمەڵەكە خستە گەڕ.

 
قازی محەممەد کە بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.ک و ناوی نھێنی بینایی بۆ دانرا، دوای ئەوەی پێشەوا لەناو کۆمەڵەکەدا توانی رەزامەندی سەرجەم ئەندامەکان بەدەست بهێنێت، کۆمەڵەی ژێکافی گۆڕی بە حزبی دیموکراتی کوردستان. لە 22ی کانوونی دووەمی ساڵی 1946 بە بەشداریی نوێنەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆک عەشیرەت و نوێنەرانی ھەموو چین و توێژەکانی کوردستان یەکەم کۆماری کوردستان ڕاگەیێندرا.

پێشەوا لە ماوەی سەرۆک کۆماریدا بە ڕاشکاوی تێڕوانینەکانی خۆی بە شای ئێران و قەوام "سەرۆک وەزیرانی کاتی ئێران"ڕاگەیاند و پەنجەی لەسەر لاوازییەکانیان بەرانبەر بە گەلی کورد دانا و رای گەیاند، ئێوە لە لێدوانەکانتاندا دوودڵن و ناتانەوێ پرسی کورد چارەسەر بکەن.

کاتێک پێشەوا لەلایەن قوامو سەڵتەنە بۆ تاران بانگھێشت کرا و لە 28ی حوزەیرانی 1946 دەچێتە تاران، لەلایەن ژمارەیەک لە وەزیران، نوێنەرانی پارلمان و نوێنەری کوردەکانی تاران و نوێنەری حیزبەکان و یەکیەتی کرێکاران لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێ دەکرێ.

 ڕۆژنامەی "ئیران ما" لەبارەی سەردانەکەی پێشەوا بۆ تاران دەنووسێت، ئێستا کە قازی محەممەد لە تارانە و ئازادیخوازان چاویان پێی کەوتوە، دەردەکەوێ کە بیر و ڕای ئەو جێگیرکردنی ئازادی و دێموکراسی لە تەواوی ئێراندایە و مافی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مرۆیی بۆ نەتەوەی کوردیش لە ئارا دایە. ھەر کارێک بە سوودی دێموکراسی بێ لەلایەن پێشەوای کوردستانەوە بە دڵەوە پێشوازی لێ دەکرێ. ھیوادارین جەنابی قەوام لەو سەفەرە مێژووییە کەڵک وەربگرێت.

دوای وتووێژی زۆر، تاران و کۆماری کوردستان بە خاڵێکی ھاوبەش نەگەیشتن و گرفتەکان چارەسەر نەکران. ھەر بۆیە دوای ماوەیەک ھەڕەشە و بەڵێنی کۆمەڵێک سەرۆک عەشیرەت بە تاران کە چەند کەسێکیان لەگەڵ پێشەوا سەردانی باکۆ، ھێرش کرایە سەر کوردستان.
سوپای ئێران 20ی سەرماوەزی 1946 گەیشتە دەروازەی شاری تەورێز کە هاوکات لەگەڵ کۆماری کوردستان، کۆماری ئازەربایجانیان لێ دامەزراندبو، رۆژیک دوای گەمارۆدانەکەی تەورێز، جەعفەر پیشەوەری، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان بەرەو سۆڤیەت رای کرد و سوپا چووە نێو شار و زیاد لە دوو هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوشت.

دوای تەورێزسوپای ئێران ھێزی نوێی لە ڕێگای قەزوێن بۆ سەقز نارد کە لە ٢٠ی سەرماوەز گەیشتنە سەقز و لە ڕێگەی بۆکان بە یارمەتی ھەندێک لە کوردەکانی سەربە  حکوومەتی شا، ڕێگەی مەھابادیان گرتە بەر. پێشەوا فەرمانی دا ھەتا دەکرێ خۆ لە شەڕ بپارێزن ، ئەگەرچی لە پێناوی وڵات ھەمووان تێدەکۆشن، بەڵام بە ھۆی پشت تێکردنی ھێزەکانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەن ڕۆژ کوردستان داگیر دەکرێ.

سوپای تاران ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەز دەگاتە مھابادی پایەتەختی کۆماری کوردستان، پێشەوا بۆ ئەوەی ئەزموونی تەورێز لە مهاباد دووبارە نەبێتەوە و هاوڵاتیان نەکەونە بەر هێرشی سوپای ناوەند، هەرچەند لەلایەن سۆڤیەتەوە داوای لیکرابو بچێتە مۆسکۆ، بەڵام قبوڵی نەکرد و رای گەیاند، ئەگەر من خۆم رادەست بکەم، ناوەند هێرش ناکاتە سەر هاوڵاتیان و بۆخۆی بەرەو دەروازەی شار رۆی و لەگەڵ سەیفی قازی و سەدری قازی خۆیان رادەستی ناوەند کرد

*دادگایی کردنی پێشەوا

شەشیی ڕێبەندانی 1947 لێژنەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتی سەرھەنگ ڕه‌زا دەگەنە مەھاباد و دادگاییەک بۆ پێشەوا و هاوڕێکانی پێک دەهێنن.ئەو تۆمەتانەی خرابونە پاڵ پێشەوا و سەیفی قازی و سەدری قازی، بریتی بون لە، 
گۆڕین و دەستکاری کردنی نەخشەی وڵاتی ئێران
ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئێران بە ناوی کوردستان
بازرگانی کردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی
دروستکردنی نەخشەی کوردستانی گەورە‌ بە لکاندنی کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا
ھێنانی هێزی بیگانە و خستنە بەردەستی بەشێک لە خاکی ئێران
دانانی ئاڵای جیاواز بۆ کوردستان بە نیشانی چەکوش و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤیەت
لێدانی سکەی پارە بۆ کۆردستان بە وێنەی ڕووپیەی ڕووسی

قازی ھەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و لە وەڵام دا رای گەیاند، ئاڵام داناوە بەڵام نەک ئەو ئاڵایەی ئێوە دەڵێن لە ئاڵای سۆڤیەت دەچێت. سەبارەت بە مستەفا بارزانی، ئەو بۆ خۆی ھاتووەتە مەھاباد و کەس نەیھێناوە، ئەو کوردە و کوردستان ماڵی ھەموو کوردێکە و ھەر کوردێک بە ئارەزووی خۆی لە سەر ھەر بستە خاکی کوردستاندا دەتوانێ بژی.

دادگە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ پێشەوا و سەدر و سەیفی قازی دەرکرد و بۆ ماوەی سێ مانگ لە گرتووخانەدا هێشتیاننەوە و جاریکیتر دادگای تێهەڵچونەوە بڕیاریدا دادگایی بکرێنەوە کە لەو دادگاییەیشدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا.

پێشەوا لە هەردوو دادگاییکردنەکەدا زیاتر لە چوار کاتژمێر قسەی کردوە و بە وتەی "سەروان شەریفی" پارێزەری پێشەوا، ئەوە قازی محەمەد بووە کە حکوومەتی دادگایی کردوە و لە ھەموو بوارێکەوە ھێناویەتە ژێر پرسیار.

نەجەفقولی پەسیان گوتەکانی پێشەوا لە چەند رستەدا کورت دەکاتەوە و دەنووسێ، لە کاتی دادگایی کردنەکە‌دا قازی محەممەد پەلاماری سیاسەت و ئاکاری دەوڵەتی تارانی دەدا و دەیگوت، "من لە قوژبنی  گرتووخانەوە دەنگی خۆم لە دژی دەوڵەتی تاران و سەرۆکەکانی بەرز دەکەمەوە و دەڵێم تاوانبار ئێوەن نەک ئێمە، ئێوە وڵاتتان لێ داگیرکردووین".

رۆژنامەنووسێک بەناوی سلێمان.خ کە لە دادگاییەکەدا ئامادە بووە ناوی لە نووسینیکدا ئاماژەی داوە، قازی محەمەد گوتی، "تەواوی ئەم بەسەرھات و ڕووداوانە ئاکامی سیاسەتی داگیرکەرانەی دەوڵەتە. ئەگەر دەوڵەت تەواوی کوردان بە خائین دەزانێ با دەست لەو مەڵبەندە ھەڵبگرێ، ئەگەر بە نیشتمانپەروەریشیان دەزانێ با لێبگەڕێ خۆیان کاروباری خۆیان بگرنە دەست".

کاتێک دادوەرەکە پێشەوا و هاوڕێیانی بە ناپاک تاوانبار دەکات لە وەڵام دا پێشەوا دەڵێ، ئێرە ماڵی منە، خاکی کوردستان خاکی باب و باپیر و ئەجدادی منە چۆن دەتوانم دەستی لێ ھەڵگرم.

دادگایی یەکەم لە 19ی حوزەیران دەستی پێکرد و چەند رۆژی خایاند و حوکمی ئیعدامی قازییەکانی دا. دادگایی دووھەم لە ٢٨ی ئادار/مارسی 1947 دەستی پێ ‌کرد و سێ رۆژی خایەند.

لە بەرەبەیانی 10ی خاکەلێوەی ساڵی 1326ی ھەتاوی "30ی مارسی 1947" پێشەوا قازی محەمەد و حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی، ئامۆزای پێشەوا و ئەبولقاسم سەدری قازی، برای پێشەوا لە چوارچرای مھاباد، ھەر لەو شوێنەی کۆماری کوردستانیان لێ راگەیاند لە سێدارە دران.

رەفتاری پێشەوا قازی محەمەد کە رۆژنامەنووسێکی دەرباری شا ئاماژەی پێ داوە، لەکاتی لەسێدارەدانەکە نیشانی دەدات کە سەرۆک کۆماری کوردستان چەندە باوەڕی بەو بەهایانە هەبوە کە دەوڵەتی کوردستانی لەسەر دامەزراندوە. 

قازی محەمەد داوا دەکات تیربارانی بکەن، بەڵام داواکارییەکەی وەرناگیریت. دواتر وەسیەتنامەیەک دەنووسێت کە لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەوە پەیامی زۆر بەهێزی تیادا بەدی دەکرێت.  لە وەسیەتنامەکەدا پێشەوا ‌ئەو مردنە بە سەرکەوتن دەزانی و ھەر بۆیە بە حەوت ھەنگاو بەرەو سێدارەکە رۆیشت و لەژێر سێدارەکەدا نەیهێشت چاوەکانی ببەستن و گوتی، حەز دەکەم لە ئاخرین چرکەی ژیانیشم دا بە سەربەرزی و چاوی کراوەوە لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم.
دواترروو لە نیردراوەکانی حکومەتی تاران دەکات و پێیان دەڵێ، ئێوە قازی محەمەدێک  دەکوژن، بەڵام بزانن لە ھەر تنوکە خوێنێکی من، قازی محەممەدێکی دیکە شین دەبێتەوە. داوا لە گەلی کورد دەکەم خەباتی خۆی لەپێناو ڕزگاریی کوردستان دا پەک نەخات، باوەڕ بە دەوڵەتی خۆفرۆشی تاران مەکەن. بژی کورد و کوردستان.


* پێشەوا قازی محەمەد

قازی محەمەد بەر لەوەی ببێت بە دادوەری مهاباد، بە میرزا محەمەدی قازی ناسرابو، لەو سەردەمەدا قازی عەلی باوكی دادوەری شاری مهاباد و یەكێك لە كەسایەتییە نەتەوەیی و ئازادیخوازەكانی ناوچەی موکریان بوو کە لە چەندین شۆڕشی "مەشرووتە"ی ئێراندا بەشداری كردبو و بە هەماهەنگی لەگەڵ شێخ محەمەد خیابانی كە لە تەورێز شۆڕشی دەوڵەتی ئازادستانی دەست پێ كردبوو، ساڵی 1930 لە مهاباد رێكخراوێكی كوردی بەناوی "بزووتنەوەی محەمەد" پێك هێنا.

تا ساڵی 1915 خوێندن لە ناوچەی موكریان لەناو حوجرە و ماڵەكاندا بووە و زۆربەی شاعیر و كەسایەتییەكانی وەك سافی هیرانی و حەریق و سەیفولقوزات و... لای قازی عەلی خوێندنیان تەواو كردووە، لە ساڵی 1915 بۆ یەكەم جار فێرگەیەكی سەردەمییانە لە مهاباد بەناوی "فێرگەی سەعادەت" دەكرێتەوە و ئەدیب تەورێزی دەكرێتە بەرپرسی ئەو فێرگەیە و میرزا عەبدوڵای گەورك و میرزا ئیبراهیمی نەوجەوان وەك مامۆستا لەو فێرگەیە دەستبەكار دەبن.

فێرگەی سەعادەت لەلایەن حكوومەتەوە پاڵپشتی لێ نەكراوە و بە هاوكاری خەڵك بەڕێوە براوە و لەلایەن بازرگانانی شاری مهابادەوە پاڵپشتی دارایی كراوە. دوای دوو ساڵ پۆستی بەڕێوەبەری ئەو فێرگەیە دەدرێ بە میرزا یوسف شوجاعی و لەو سەروبەندە و لە ساڵی 1921، سمایل ئاغای سمكۆ هێرش دەكاتە سەر شاری مهاباد و داگیری دەكات، بەو هۆیەوە فێرگەكە دادەخرێت.

پاش هێوربوونەوەی بارودۆخی مهاباد، سەرلەنوێ فێرگەی سەعادەت دەكرێتەوە و لە ساڵی 1923 ئەبولحەسەن سەیفی قازی "سەیفولقوزات"، زانا و شاعیر و دامەزرێنەری قوتابخانەی شیعری موكریان، دەكرێ بە بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و راهێنان، تا ئەوكات پێشەوا قازی محەمەد كە تەمەنی 23 ساڵ بوو، توانیبووی بە خێرایی پلەی خوێندن و یاسا ببڕێت و جیا لە زمانی عەرەبی و فارسی، بە باشی خۆی فێری زمانەكانی فڕەنسی و ئینگلیزی و تا ئاستێكیش زمانی رووسی كردبوو.

ساڵی 1925 سەیفولقوزات دەست لە كار دەكێشێتەوە و قازی محەمەد لە تەمەنی 25 ساڵیدا وەك بەرپرسی كارگێڕیی پەروەردە و راهێنانی مهاباد دەستبەكار دەبێت، لەو سەروبەندەدا فێرگەی سەعادەت تاكە خوێندنگەی ناوچەی موكریان بوو و تەنیا كوڕان دەیانتوانی تیایدا وانە بخوێنن.

پێشەوا لەگەڵ دەستبەكاربوونی وەك بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و راهێنانی مهاباد، بیری لەوە كردەوە بواری خوێندن بۆ ژنان بڕەخسێنێت و هەر لەو ساڵەدا دوو قوتابخانەی نوێی كردەوە كە یەك لەوان قوتابخانەی پالەوی كوڕان بوو و ئەویتریان قوتابخانەی پەرماسی كچان كە دواتر ناوەكەی گۆڕا بە قوتابخانەی "پەروانە".

تەنیا چەند ساڵێك پێش ئەو هەوڵەی پێشەوا لە تاران "بیبی خانم" قوتابخانەیەك لەناو ماڵەكەی خۆیدا بۆ كچان دەكاتەوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی زۆرینەی كۆمەڵگە و پاڵەپەستۆی دەسەڵاتەوە، دوای سێ مانگ قوتابخانەكەی پێ دادەخەن، ئەوە لەكاتێكدا بوو كە كۆمەڵگەی موكریان لەچاو تارانی پایتەخت تانوپۆیەكی تا سەر ئێسقان عەشیرەیی هەبوو، بەڵام پێشەوا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو كۆتانە، قوتابخانەی پەروانەی بۆ كچان دامەزراند و لە دەستپێكی دامەزراندنی قوتابخانەكەوە پێشوازییەكی چاوەڕوان نەكراوی لێ كرا.
دوای خستنەسەرپێی دوو قوتابخانە نوێیەكە ساڵی 1931، پۆستە پەروەردەییەكەی دەدات بە ئیبراهیم قازی، بەڵام تا سەردەمی كۆماری كوردستانیش هەر هاوكاری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەكات.

ساڵی 1934 قازی عەلی "باوكی پێشەوا" كۆچی دوایی دەكات و میرزا محەمەدی قازی دەكرێ بە دادوەری شاری مهاباد و ناسناوی قازی محەمەدی پێ دەدرێت. پێشەوا بەهۆی دادپەروەری و كەسایەتییەكەی لەو ماوەیەدا كە دادوەری شار بوو، زۆربەی كۆنسوڵگە و نوێنەرایەتییەكانی وڵاتانی رۆژئاوایی و سۆڤیەت لەناو ئێران، سەردانی ماڵەكەیان دەكرد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاشنای ببن.


لە ماوەی 11 مانگی سەرۆك كۆماری پێشەوا قازی محەمەددا، كۆمەڵێك دامەزراوەی فەرهەنگی دروست بوون كە ئێستە وەك بەشێك لە گرنگییەكانی مێژووی كورد ناو دەبرێن، سەركۆمار پێی وابوو هیچ كۆمەڵگەیەك ئازادی تیادا دەستەبەر ناكرێت ئەگەر ژن تیایدا ئازاد نەبێت و یەكەم رێكخراوی ژنانی كوردستان لە مهاباد لەسەر پێشنیازی ئەو دروست بوو، هاوكات گرووپی شانۆیی و گۆڤاری منداڵان و دروستكردنی قوتابخانە لە گوندەكان و.. سەرجەمیان لە ماوەی ئەو 11 مانگەدا دامەزران.


وشە - هیدایه‌ت جان