دوای جەژن یەكلا دەبێتەوە.. یەكێتی كاندیدی سەركۆمار دەگۆڕێت؟

:: PM:05:57:29/06/2022 ‌

بڕیارە لە دوای كۆتاهاتنی پشووی وەرزی پەرلەمانی عێراق لە دوای جەژنی قوربان، پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و دیاریكردنی سەركۆماری عێراق بەرژدی یەكلا ببێتەوە، كاتێك دوای كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵی رژد بدات بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام ئەوە كارێكی ئاسان نابێ و چەند بەربەستێكی لەپێشە، ئەوانە رازیكردنی سەدر و هاوپەیمانەكانی، واتە پارتی و سوننە، دوای تویتەكەی سەدر ئەگەری هەیە پارتی و یەكێتی لە رێككەوتن لەسەر یەك كاندید نزیك ببنەوە، بەڵام چۆن؟

سەبارەت بە رازیكردنی موقتەدا سەدر، سەرەڕای كشانەوەی لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە، تا ئێستەیش كارەكتەرێكی كاریگەر و سەرەكییە لەسەر گۆڕەپانەكە، چونكە راستە لە پرۆسەی سیاسی كشاوەتەوە، بەڵام بۆ ناو شەقام و بنكە جەماوەرییەكەی، كە بە تویتێك ملیۆنان كەس دێنێتەوە سەر شەقام و چەكدارانی سوپاكەیشی لە شەقامەكانی بەغدا دەست بە مانۆر دەكەن، بۆیە هەمووان باش دەزانن سەدر هۆكاری سەقامگیری و لەرزۆكیی هەر حكوومەتێكی عێراقییە دوور لەوەوە پێك بێت، رازیبوونی ئەویش مسۆگەریی بەردەوامی ئەو حكوومەتەیە، بەتایبەتی كە تا ئێستە دیار نییە بۆچی سەدر كشایەوە و بە گوشاری كێ كشایەوە، كە چوار چێوە باش دەزانێت ئەوان نین.
یەكێتی چاوەڕوانی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات بۆ گۆڕینی كاندیدەكەی و خستنەڕووی شوێنگرەوەكەی
پێوەست بە كورد، لە دوای كشانەوەی سەدر تا ئێستە چارەنووسی هاوپەیمانی سێقۆڵی دیار نییە، ئەوەی هەیە سوننە و كورد بەنیاز بوون كۆ ببنەوە و هەڵوێستی خۆیان بۆ دوای كشانەوەی سەدر دیاری بكەن، بەڵام تا ئێستە ئەوە نەكراوە، تەنانەت تا ئێستە گفتوگۆی پارتی و سوننە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی و یەكێتیش بە سستی و بێ ئەنجام بەڕێوە دەچێت، وەك ئەوەی هێشتا چاوێكیان لەسەر تویتەكانی سەدر بێت، كە دوێنێ بۆ یەكەمجار لە دوای كشانەوەی جارێكی تر ئەوەی سەلماند كە دەستی لە پرۆسەی سیاسی هەڵنەگرتووە و كاریگەری لەسەر دۆخەكە هەیە، تویتەكەی دوێنێی سەدر سەبارەت بە بەرهەم ساڵح، كە رەتی كردووەتەوە واژوو لەسەر یاسای بەتاوانناساندنی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بكات، چەند پەیامێكی لەخۆ گرت.

تویتەكەی سەدر جارێكی تر بە هاوبەشەكانی لەناو هاوپەیمانی سێقۆڵی گوت كە نزیكم و ئاگەداری دۆخەكەم، بۆ چوارچێوەیش وەك تێكەڵكردنەوەی كارتەكان بوو، بەتایبەتی لەبارەی كاندیدی سەركۆمار، كە یەكێتی دەستی بە بەرهەم ساڵحەوە گرتووە و چوارچێوەیش پاڵپشتی لێ دەكات، سەدر ویستی بڵێت كە ئێوە پاڵپشتی لە كەسێك دەكەن واژووی بەتاوانناساندنی ئاساییكردنەوەی لەگەڵ ئیسرائیل رەت دەكاتەوە و من پێی رازی نیم و پەشیمانیشم پێشتر دەنگم پێی داوە.

تویتەكەی سەدر دوای راگەیاندنی پارتی هات بەوەی لەسەر كاندیدێكی رێككەوتن لەسەر كراو لەگەڵ یەكێتی پێكنەهاتوون، بۆیە تویتەكەی سەدر وەك تێكەڵكردنی كارتەكان دێ و رەنگە گوشارێك بێت و پێوەندی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و یەكێتی تێك بدات سەبارەت بە پاڵپشتیكردنی بەرهەم ساڵحەوە، بەتایبەتی كە چاودێران پێیان وایە چوارچێوە نایەوێ ئێستە و لە سەروبەندی هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت، نەیاری سەدر زیاتر بكات، چونكە سەنگ و پێگەی جەماوەری سەدر هۆكارێكی یەكلاكەرەوەیە لە بەردەوامی و سەقامگیریی  هەر حكوومەتێكی داهاتوو. 

چاودێران بەدووری نازانن چوارچێوە پێوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی بكاتە قوربانی بۆ نزیككردنەوەی پارتی، كە هاوپەیمانێكی سەرسەختی سەدرە، كاتێك بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدێكی سەركۆمار، ناچارن هەمان سیناریۆی 2018 دووبارە بكەنەوە و هەریەكەیان كاندیدی خۆی بباتە ناو هۆڵی پەرلەمان و لەوێ زۆرینەی شیعە یەكلای بكاتەوە.

رێبین سەلام، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی كرد كە گفتوگۆیان لەگەڵ یەكێتی پێوەست بە كاندیدی سەركۆمار بەردەوامە، سەبارەت بە تویتەكەی دوێنێی سەدریش، پەیامێكە لە سەدر و تەنانەت لە هاوپەیمانەكانیشی لە چوارچێوە، بەوەی بەرهەم ساڵح ڤیتۆی لەسەرە، هیوادارین بەهۆی تویتەكەوە لە رۆژانی داهاتوو پارتی و یەكێتی بگەن بە كاندیدێكی رێككەوتن لەسەر كراو، گفتوگۆكان بەردەوامن و ئەگەر بە رێككەوتن نەگەن، دوو كاندیدیان دەبێت و لەناو پەرلەمان یەكلا دەبێتەوە.  

لای خۆیەوە حوسێن كەنانی، لە ناوەندی هەدەف بۆ توێژینەوە دەڵێت، گفتوگۆی نێوان پارتی و یەكێتی پێوەست بە كاندیدی سەركۆمار گەیشتووەتە ناو تونێلێكی تاریكەوە و دۆخەكە لەناو ماڵی كورد ئاڵۆزە و زەحمەتە بگەن بە رێككەوتن، ئەوەیش كار لە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەكات.

سەرچاوەیەك لە یەكێتی ئاشكرای كرد كە حزبەكەی لە بەرانبەر پارتی نەرمی نواندووە و بە دیاریكردنی كاندیدێكی رێككەوتن لەسەر كراو بۆ پۆستی سەركۆمار رازی بووە، بەڵام چەند مەرجێكی هەیە، ئەوانەیش، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دەنگدان لەسەر پێكهێنانی كۆمسیۆنێكی نوێی هەڵبژاردن لە هەرێم و ئەنجامدانی چاكسازی لەناو حكوومەتی هەرێم و هەڵوەشاندنەوەی بابەتی هەناردنی غاز بۆ ئەوروپا ئێستە.

سەرچاوەیەكی تر ئاشكرای كرد كە یەكێتی بەنیازە پاشەكشەكردنی لە دەستگرتنی بە كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح رابگەیەنێت، ئەگەر رێككەوتن لەسەر گۆڕینی لەگەڵ پارتی بكات، بەڵام بەتوندی دەستی بە پۆستەكە گرتووە، كاتێك لە هەفتەی رابردووەوە سەرانی یەكێتی خەریكی پرسیار و تاوتوێكردنی بابەتی گۆڕینی كاندیدەكەیانن، بە كەسایەتییەكی قبووڵكراو لەلایەن پارتییەوە، بەمەبەستی كۆتاهێنان بە ناكۆكییەكانیان بەخێرایی و كردنەوەی دەرگەی گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت لەلایەن چوارچێوەوە لە دوای تێپەڕكردنی سەركۆمار، ئەو پێشنیازەیش لەلایەن چوارچێوە و عەزمەوە بەتوندی پاڵپشتی دەكرێت.  

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە تویتەكەی موقتەدا سەدر، هۆكاری سەرەكیی هاندانی یەكێتی بوو بۆ دۆزینەوەی بەپەلەی شوێنگرەوە بۆ بەرهەم ساڵح، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕوانی هەڵوێستی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات بۆ گۆڕینی كاندیدەكەی و خستنەڕووی شوێنگرەوەكەی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل