سه‌رۆك بارزانی رای گه‌یاند، ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق ڕێز له مافی خه‌ڵكی كوردستان بگرێت. ئه‌و قسه‌یه‌ی له میانه‌ی پێشوازی له مارك برایسن ڕیچاردسن باڵوێزی به‌ریتانیا له عێراق هات.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 30ی حوزه‌یران، به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی باره‌گای بارزانی، له دیداره‌كه‌دا كه ده‌یڤد هانت كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له هه‌ولێر ئاماده‌ی بوو، دواین گۆڕانكاری و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی سیاسیی عێراق و كۆسپه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی ئایندهی عێراق، تاوتوێ كران.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا سه‌رۆك بارزانی دووپاتی له پێویستیی پابه‌ندبوونی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق به پره‌نسیپه‌كانی هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و سازان كرده‌وه.
له به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه دا، ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق ڕێز له مافی خه‌ڵكی كوردستان و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگرێت، هه‌موو لایه‌ك ڕێز له ده‌ستوور و قه‌واره‌ی ھه‌رێمی كوردستان بگرن.