سه‌رچاوه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له ئیسپانیا، گفتوگۆیەكی دەنگی لە نێوان سێرخیۆ رامۆسی كاپتنی پێشووی یانەی ریال مەدرید و لویس رۆبیالێسی سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیای سەبارەت بە خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی 2019 ئاشكرا كرد.
رۆژنامەی "ئێلكۆنفیدێنسیال"ـی ئیسپانی فایلێكی ده‌نگیی دزەپێكراوی بڵاوكرده‌وه، كه گفتوگۆیەکی نێوان رامۆس و لویس رۆبیالێسی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیایه، تێیدا رامۆس داوای نێوانگیریی دەکات بۆ ئەوەی لە ساڵی 2019 خەڵاتی تۆپی زێڕین "بالۆن دۆر" بەدەست بهێنێت.
رامۆس له فایله ده‌نگییه دزەپێکراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت "رۆبی ئێوارەتان باش، هیوادارم لەگەڵ هەموو ئەندامانی خێزانەکەت باش بیت، دەزانیت کە من هیچم لێ داوا نه‌كردووی، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ داوای دەکەم، بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌مساڵ ئاستێكی زۆر باشم پێشكه‌ش كردووه".
کاپتنی پێشووی ریال مەدرید هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: پێم خۆشە تا دەتوانن هاوکاریم بکەن و چەند وشەیەک لەسەر ئەم بابەتە بڵێن لە کۆبوونەوەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و تۆڕی پەیوەندییەکانی خۆتان، بۆ ئەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین بەدەست بهێنم".
رامۆس لە درێژەی قسەکانیدا هه‌روه‌ها به رۆبیالێس ده‌ڵێت: تا کۆتایی ژیانم سوپاسگوزاری تۆ دەبم، نەک تەنیا بۆ من، بەڵکو لەبەر ئەوەی پێم وایە تۆپی پێی ئیسپانیا شایەنی ئەم خەڵاتەیە.
رۆبیالێس لە وەڵامدا به رامۆس ده‌ڵێت: سڵاو سێرخیۆ، سەرەتا پیرۆزبایی لە ئاستێکی نایابت دەکەم بۆ ئەمساڵ، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم لە قۆناغەکانی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا.
"بێگومان ئەوە من نیم بڕیار دەدەم کێ خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، بەڵام هەموو شتێک دەکەم کە لە توانامدا بێت"، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له قسه‌كانی رۆبیالێس.
سێرجیۆ رامۆس دووبارە وەڵامی داوه‌ته‌وە: دەزانم کە ئەوە لای ئێوە نییە، بەڵام تۆڕی پەیوەندییەکانتان فاکتەرێكی گرنگە، هەروەها لە بیرت نەچێت کە فیفا خه‌ڵاتی باشترین دەدات، ئه‌ویش خەڵاتێکی گرنگە و دەبێتە هەنگاوێکی گەورە لە تۆوە، بە گشتی من پشت بە یارمەتییه‌كانی ئێوە دەبەستم، بە دڵنیاییەوە لە کاتی گونجاو‌دا یه‌كتر ده‌بینین و پێکەوە نانی نیوەڕۆ دەخۆین."
جێگای ئاماژەیە لیۆنێل مێسی لە ساڵی 2019دا خەڵاتی تۆپی زێرینی بردەوە.
لە لایه‌كی تره‌وه فایلی دەنگیی گفتوگۆیەکی تری نێوان سێرخیۆ رامۆس و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دزه‌ی پێكراوه و بڵاو بووه‌ته‌وه، كه رامۆس به‌ڵێنی نیو ملیۆن یۆرۆ و سه‌عاتێكی گرانبه‌ها وه‌ك خەڵات به رۆبیالێس ده‌دات، ئەگەر هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا بۆ قۆناغی پێش کۆتایی مۆندیالی 2018 سه‌ربخات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنه‌كه‌وێت، ئه‌وا شتەکان بە باشی ناڕۆن.
رامۆس له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی وازی له هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا هێناوه، وه‌رزی رابردووش پێوه‌ندیی به یانه‌ی پاریس سانجێرمانه‌وه كرد، به‌ڵام به هۆی پێكانه‌وه تا ئێسته كه‌مترین به‌شداریی له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌دا هه‌بووه.