"شەفافبوونی كابینەی نۆ موزایەدەچییەكانی بێدەنگ كرد"

:: PM:10:02:02/07/2022 ‌

 كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی هەنگاوی گەورە لە شەفافیەت لە كەرتی نەوت و غاز و راگەیاندنی داهات و خەرجییەكان بنێت، بەردەوام ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوت بەدەست هاتووە و ئەو خەرجییەی لە دەرهێنانی نەوت رۆیشتووە، ئاشكرا بكا و شەفافانە بۆ پەرلەمان و رای گشتی رابگەیەنێت، ئەمەیش بە هەنگاوێكی ئەرێنی دادەنرێت كە حكوومەت لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاكسازیدا دەستی پێ كردووە.

ئاشكراكردنی داهاتەكان، پەرلەمانی زیاتر دڵنیا كردووەتەوە لەوەی حكوومەت ئامانجی راستەقینەی چاكسازی بووە، پەرلەمانتاران باس لەوە دەكەن كە حكوومەت تەنیا ئامانجی ئەوەیە هەموو كەرتەكان شەفاف بكات و هاووڵاتییان ئاگاداری ورد و درشتی خەرجی و داهاتەكان بێت.

سەعید هەركی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، باشترین بژارە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەفافبوونە لە داهات و خەرجییەكان بەتایبەت لە كەرتی نەوت، ئەو بوارەی كە لە رابردوودا زۆرترین قسەی لەسەر بووە و بڕبڕەی پشتی حكوومەتە بۆ داهات و ئەو خەرجیانەی كە هەیەتی، ئەوەیش لە بەرنامەی كاری حكوومەت بەتەواوی رەنگی داوەتەوە و باس كراوە لە بەردەم پەرلەمان.
كابینەی نۆ توانیویەتی متمانە لە نێوان خۆی و هاووڵاتی و پەرلەمان دروست بكات
هەروەها گوتی، سەرەتای دەستبەكاربوونی حكوومەت، ئەو كارنامەی هێڵە گشتییەكانی لەخۆ گرتبوو یەكێك لەو هێڵە گشتی و سەرەكییانە كەرتی نەوت بوو، هەروەها بەشەفافكردنی، حكوومەت لەو بوارە سەركەوتووبوو و توانی ئەنجامی بدات، ئێستەیش كاری حكوومەت ئەوەیە شەفافیەت لە هەموو بوارێكدا بكات، كە ئەوەیش بە گرنگییەوە هەنگاوی بۆ نراوە و چاكسازیش ئامانجەكەی دیارە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان روونی كردەوە، حكوومەت بەو كارانە توانیویەتی متمانە لە نێوان خۆی و هاووڵاتی و پەرلەمان دروست بكات، بەتایبەتی پەرلەمان كە دەزگایەكی چاودێرییە بەسەر كارەكانی حكوومەت، كاتێك روون بوو لەبەرچاوی پەرلەمان و نوێنەرانی خەڵك داهات و خەرجی چەند بووە و چۆن خەرج كراوە، ئەمەیە واتای شەفافیەت، بەهۆی ئەوەوە هێڵی پێوەندی لەنێوان ئەو دوو سەرۆكایەتییەدا دروست دەبێت.

لای خۆیەوە ئازاد ئەكرەم، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەگەر حكوومەت بتوانێ بەو جۆرەی ئێستە لەسەر ئاشكراكردنی داهات و خەرجییەكان و دابینكردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران لە داهاتی نەوت و ناوخۆ بەردەوام بێت، ئەمە واتای ئەوەیە هەنگاوی كردەنی و باش نراون بۆ ئەوەی ئەو داهاتەی بە دەستدێت لە فەرمانبەران و پڕۆژەكان و خزمەتگوزاری و خزمەتكردن خەرجی بكاتەوە.

باسی لەوە كرد، كۆمەڵێك لایەن و پەرلەمانتار پێیان خۆش نییە حكوومەت ئەو شەفافیەتەی هەبێت و خەرجی و داهاتەكان و مووچەش بدات، تەنیا بۆ ئەوەی موزایەدەی خۆیان بكەن و دەست بە چەواشەكاری بكەن و خەڵكی بێ هان بدەن، ئەنجامیشیان ئەوەیە دەنگ كۆ بكەنەوە و خەڵك بەلای خۆیاندا رابكشێن، بەڵام حكوومەت ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات و ئەوە دەكات كە راست و رەوانە.

"ئەگەر حكوومەت هەوڵی زیادكردنی داهاتەكانی بدات و كەرتەكانی تری وەك كشتوكاڵ و  بكاتە سەرچاوەی داهات، ئەوكاتە لەگەڵ نەوت سەرچاوەی داهاتەكانیش فراوانتر دەبێت و حكوومەت چانسی زیاتری دەبێت و زیاتر دەستكراوە دەبێت و زیاتر خزمەتی خەڵك دەكات و باشتر مووچەی پێ دەدرێت، ئەو لایەنانەیش كە بەردەوام دژایەتیی حكوومەت دەكەن دەنگیان نامێنێت"، ئازاد ئەكرەم، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان وای گوت.

پێوەست بەو بابەتەوە هۆگر جەمال، شارەزای بواری ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، شەفافیەت لە داهاتی نەوت، یەكێك بوو لەو كارانەی كە حكوومەت لە سەرەتای دەستبەكاربوونی بەڵێنی ئەوەی دا داهات و خەرجییەكانی ئاشكرا بكات، ئێستەیش بە بەردەوام ئەو داهاتە بڵاو دەكرێتەوە، كاتێك داهات و خەرجی روون بوون، نیشانی دەدات كە حكوومەت مەبەستیەتی كار و بەرنامەی خۆی بەبێ شاردنەوە جێبەجێ بكات، ئامانجەكەیشی خزمەتكردنە بە هاووڵاتییان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل