په‌رله‌مانی كوردستان له پشووی هاوینه‌دایه، 30 ئه‌یلوول خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان كۆتایی پێ دێ، لایه‌نه سیاسییه‌كانیش رێكنه‌كه‌وتوون له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، هیچ لایه‌نه‌كیش پێشنیازه بڕیاری بۆ درێژكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان پێشكه‌ش نه‌كردووه. ئه‌گه‌ر هه‌یه بۆ ماوه‌ی ساڵێك درێژ بكرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م سێ ته‌مووز، موحسین دۆسكی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، پڕۆژه و بیرۆكه بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان پێشكه‌ش نه‌كراوه.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌كات، فراكسیۆنه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك به كۆمسیۆن بده‌ن تا ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردن بكات، كۆ ده‌بنه‌وه، پێكه‌وه ته‌مه‌نی په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ی سێ یا شه‌ش مانگ یاخۆ ساڵێك درێژ ده‌كه‌نه‌وه.
بڕیار وایه بۆ ماوه‌ی ساڵێك ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی درێژ بكرێته‌وه
هاوكات جه‌لال محه‌مه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان-گۆڕان، بۆ "وشه" گوتی،" باشتر بوو بتوانین هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، به‌ڵام ناكرێت، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌روا به‌رده‌وام بێت، ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ ده‌كرێته‌وه".
له ده‌ستووری عێراق و پێڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه به هیچ ماده و بڕگه‌یه‌ك نه‌كراوه بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان.
د. هه‌ڵمه‌ت غه‌ریب پسپۆڕی ده‌ستووری، بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور و یاسایه. له كاتی ته‌واوبوونی خولی په‌رله‌مان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بڕیارێك ده‌خاته ده‌نگدانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بكرێته‌وه، یان فراكسیۆنێك پێشنیازه بڕیار پێشكه‌ش ده‌كات، ئه‌وكات بڕیار ده‌درێ خوله‌كه بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ یان ساڵێك درێژ بكرێته‌وه.
"هه‌ندێك جار كات بۆ درێژكردنه‌وه‌كه دانانرێ، به‌ڵكو تا ئه‌و كاته‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێ، ئه‌مه‌یش مه‌ترسیداره". پسپۆڕی ده‌ستووری وای گوت.
دوێنێ هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رلمانی كوردستان رای گه‌یاند، عه‌یبه بۆ هه‌موو هێزه سیاسییه‌كان نه‌توانین هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا بكه‌ین.
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، بڕیار وایه بۆ ماوه‌ی ساڵێك ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی درێژ بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان بگه‌ن به‌ڕێككه‌وتن له‌باره‌ی گشت پرسه‌كان.
كێشه‌ی نێوان فراكسیۆنه‌كان له‌باره‌ی سیستمی هه‌ڵبژاردن و كورسیی كۆتاكانه، بۆ ئه‌و پرسه سێ كۆبوونه‌وه له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كراون. له دواین كۆبوونه‌وه پێشنیار كراوه سیستمی هه‌ڵبژاردن فره بازنه‌یی بێ، به‌ڵام ده‌نگی كاندیده‌كان كۆ بكرێته‌وه، ده‌ستكاریی كورسیی پێكهاته‌كانیش نه‌كرێ و سیستمی یه‌ك بازنه‌یی بۆ ئه‌وان پێڕه‌و بكرێ.