ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان، له ئه‌گه‌ری وشكبوونی نه‌وتی كێڵگه‌ی ته‌قته‌ق "شیواشۆك" هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت، بڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌و كێڵگه‌یه به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیوه.
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك باسی له‌وه كردووه كه ئه‌مڕۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له كێڵگه‌ی ته‌قته‌ق ١٨ هه‌زار به‌رمیل بووه و له سێ مانگی داهاتوودا به یه‌كجاری وشك ده‌بێت.
ئه‌مه له كاتێكدایه كه پێشتر له كێڵگه‌ی ته‌قته‌ق رۆژانه ١٤٠ هه‌زار به‌رمیل ده‌رده‌هێنرا و ئه‌و گوشاره زۆره‌ی بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت له‌سه‌ری دروست بوو، به گوته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره وای كردووه توانای كێڵگه‌كه به ته‌واوی داببه‌زێت.
پێشتریش گۆران ئازاد له كه‌مبوونه‌وه‌ی نه‌وتی ته‌قته‌ق هۆشداری دابوو كاتێك بڕی به‌رهه‌مهێنانی بۆ ٣٥ هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا دابه‌زیبوو.
ئه‌و گوتبووی دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا رێككه‌وتنی ئه‌وه‌یان واژوو كرد له رێگه‌ی سۆمۆوه نه‌وت هه‌نارده بكرێت، ژماره‌یه‌كی زۆری بیر له كێڵگه‌كه لێ دران و توانای كێڵگه‌كانیان بۆ ١٤٠ هه‌زار به‌رمیل به‌رز كرده‌وه. ئه‌مه‌ش وای كرد گوشارێكی زۆر بۆ سه‌ر كێڵگه‌كه بهێته كایه‌وه و دواجار به‌رهه‌مه‌كه‌ی داببه‌زێت.
بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی ١٩٥٨ نه‌وت له كێڵگه‌ی ته‌قته‌ق دۆزراوه‌ته‌وه و له ساڵی ١٩٩٣ له‌سه‌ر ده‌ستی شاره‌زایانی كورد كاری تێدا كرا و ماوه‌یه‌ك نه‌وتی لێ ده‌رهێنرا، دواتر شه‌ڕی ناوخۆ به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ی راگرت و له ساڵی ١٩٩٩ دووباره ده‌ست به به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له كێڵگه‌یه كرایه‌وه و له دوای رزگاربوونی عێراقیش په‌ره‌ی زیاتر به كێڵگه‌كه درا.