باڵوێزی نوێی دانیمارك لە عێراق باسی گرنگیی پێگەی هەرێمی كوردستان دەكات

:: AM:11:52:21/11/2022 ‌
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە باڵوێزی نوێی دانیمارك لە عێراق كرد، نوێنەرەكەی دانیمارك باسی گرنگیی پێگەی هەرێمی كوردستانی كرد.

ئەمڕۆ دووشەم 21ـی تشرینی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە كریستیان تۆرنینگ باڵوێزی نوێی دانیمارك لە عێراق كرد.

سەرۆكی حكوومەت، پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە باڵوێزی دانیمارك كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركەكانیدا بۆ خواست، ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ پەرەپێدانی پێوەندیی هەمەلایەنە لەگەڵ دانیمارك دووپات كردەوە.

باڵوێزی دانیمارك وێڕای سوپاسكردنی لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ هاریكاری و هاوئاهەنگیی باشیان لەگەڵ باڵوێزخانەی وڵاتەكەی، ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی هەرێمی كوردستان كرد لە عێراق و ناوچەكە، خواستی وڵاتەكەشی بۆ برەودان بە پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم، تەوەرێكی تری گفتوگۆكانی دیدارەكە بوون.



وشە - رامیار جەواد