بۆچی هەرێمی كوردستان دەكرێتە ئامانج؟

:: PM:08:45:21/11/2022 ‌

ماوەی چەند رۆژێكە هەرێمی كوردستان و كورد بە گشتی كەوتوونەتە بەر چەكوش و سندانی ئێران و توركیا و عێراق و سووریا، دوور لە ناكۆكی و جیاوازیی حزبە كوردستانییەكان، كە هەندێكیان رۆڵ و هەڵوێستی زۆر نەرێنی و تەنانەت دوژمنكارانە بۆ حزب و هێزە سیاسییەكانی بەشەكانیتری كوردستان پیادە دەكەن، وەك پەكەكە، بەڵام خەریكە ئێران و توركیا بە پاساوی جیاواز ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج و هەوڵی شێواندن و لاوازكردنی دەدەن.

ناڕەزایەتییەكانی ئێران چووەتە ناو سێیەم مانگییەوە، ئەوە و دەیان تەنگژەی تری ناوخۆیی كە ئەو وڵاتە بەدەستییانەوە دەناڵێنێت، جیا لە گەمارۆ و سزا نێودەوڵەتییەكان بەهۆی رۆڵی لە شێواندنی ئاسایش و ئارامی ناوچەكە و نەگەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی و هەوڵەكانی بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكە بالیستییەكان و درۆنەكانی، كە ئێستە لە شەڕی ئۆكراینا رۆڵی گەورە دەبینن، ئەوانە وایان كردووە كە رژێمی فەرمانڕەوایەتی ئەو وڵاتە لە شكست و كەوتن نزیكتر ببێتەوە، بۆیە جامی توڕەییەكەی بەسەر هەریمی كوردستان دادەڕێژێت، كە خالی لاوازی هاوكێشەی هێزە لە ناوچەكەدا.

لەلایەك ئێران دەیەوێ هەرێمی كوردستان بكاتە ئامانج و لاوازی بكات، بوونی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتیش، كە سالانێكە لەوێن و رەچاوی ئەو هەستیارییەی دۆخەكی هەرێم دەكەن و تەواوی چالاكییەكانیان سیاسییە، ئێران دەیەوێ بۆ شاردنەوەی هۆكاری راستەقینەی ناڕەزایەتییەكان و دەرخستنی بوونی پلانگێڕی نەتەوەیی و ئاینی و مەزەوی لەسەر رژێمەكە و راكێشانی سۆزی ناوخۆیی فارس و پێكهاتەكانیتر بۆخۆی و هاندانیان لەدژی كورد، بەوەی ناڕەزایەتییەكان تەنیا لەلایەن كوردەوەیە، بۆیە بنكە و بارەگاكانیان دەكاتە ئامانج، بۆ هەرێمی كوردستانیش بە پاساوی بوونی بنكەی ئیسرائیلی شەرعیەتی بەو بۆردمانانەی دەدات، هەمووشی بۆ رزگاركردنی رژێمەكە و دوورخستنەوەیەتی لە خاڵی نەگەڕانەوە و ئەگەری كەوتن.

هەرچی توركیایە، ئەویش بەدەست چەندان تەنگژەی سەختی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و حزبەكەی لەبەردەم هەڵبژاردنێكی یەكلاكەرەوە و ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز و كاران، بۆیە پێویستی بە دەرخستنی هێز و راكێشانی سۆزی توركە ناسیۆنالیستەكانە، جیا لە دۆزینەوەی بەهانەیەك بۆ رەوانەكردنەوەی بەشێك لە ئاوارە سوورییەكان، لەلایەك بۆ سووككردنی بارگرانی ئابووری لەسەر توركیا و دامركاندنەووەی توڕەیی توركەكان بەهۆی توڕەییان لە ئاوارە سوورییەكان، هاوكات نیشتەجێكردنیانە لەو ناوچانەی بەنیازە وەك ناوچەی ئارام لە ناوچە كورنشینەكان لە سووریا نیشتەجێیان بكات، ئەوەش دوای ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی.

ئەو ئامانجانەی ئێران و توركیا هەر هەمووی لە یەك رێڕەودا كۆ كراوەتەوە، واتە كوشتنی دوو چۆلەكە بە یەك بەرد، ئەویش لاوازكردن و لەباربردنی یەكەم ئەزموونی قەوەرەیەكی نیوچە سەربەخۆی كورد، كە هەرێمی كوردستانە، بۆیە ئەوان دەیانەوێ كورد وەك دوژمن بۆ فارس و تورك پێشان بدەن، بۆ راكێشانی جەماوەری خۆیان، كە بەهۆی سیاسەتە شكستخواردووەكانیان تەواو لێیان بێزار و توڕەن.

ماوەی چەند رۆژێكە ئێران دەستی بە بۆردمانكردنی مووشەكی و درۆن بۆ بنكە و بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان كردووە، حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانی لە نێوان دەركردنی ئەو حزبانە و تۆكمەكردنی سنوورەكان و لەشكركێشی و بەردەوامیی بۆردمانەكان سەرپشك كردووە، هەرچی توركیایە دەستی بە ئۆپراسیۆنێكی فرەوانی سەربازی بۆ سەر ناوچەكانی باكوری سووریا و هەرێمی كوردستان كردووە، بە پاساوی بوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە، كە تا ئێستە ئەجیندایان دیار نییە و بەهۆی چالاكی سەربازیان لە ناوچە سنوورییەكان، بوونەتە سەرئێشە بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی خۆسەری رۆژئاواش لە سووریا.

ئێران ناڕەزایەتی ناوخۆیی و توركیاش تەقینەوەكەی ئیستەنبووڵ وەك پاساو بۆ بۆردمان و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانیان لە دژی هەرێمی كوردستان بەكار دێنن، حەسەن موئمنی، مامۆستای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی ئوردن دەڵێت، لە بنەڕەتدا كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوەستە بە ناسنامە و خواستە نەتەوەییەكانی گەلی كورد، ئەوەیش لەوەتەی رووخانی دەوڵەتی عوسمانییەوە هەیە، بۆیە كێشەیەكی سەختە و لە سەرەتاكانی سەتەی رابردووەوە هەیە.

زیاتر گوتی، بە درێژایی ئەو دەیان ساڵە چارەسەری تەناهی نەبووتە هۆی كۆتاهێنان بەو كێشەیە، بۆیە چارەسەری سەربازی ئەو كێشە درێژخاینە چارەسەر ناكات، چونكە كێشەی كورد لەوە ئاڵۆزترە پێوەست بێت بە یەك وڵاتەوە، بەڵكو رەهەند و لێكەوتەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی فرەوانی هەیە و پاڵپشتی هەیە، ئەوەش كێشەكە قووڵتر دەكات، توركیا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو هەوڵی دا لە رێگەی دەستوەردانی سەربازی لە هەرێمی كوردستان و باكوری سووریا كۆتایی بەو پرسە بێنێت، بەڵام كۆتایی نەهات، بۆیە پێویستە هەلی گفتۆگۆ لەگەڵ نوێنەری كوردەكان برەخسێنرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل