پەرلەمانی كوردستان بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكانی ئێران دەكات

:: PM:09:51:21/11/2022 ‌

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئێران بە مووشەك و درۆن بۆردمانی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بەتوندی ئەو هێرشانە سەركۆنە دەكا و داوای لە حكوومەتی فیدراڵ كرد بە ئەركی دەستووری خۆی بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان هەستێت.

وەك لە راگەیاندنێكدا هاتووە، پەرلەمانی كوردستان بە نیگەرانییەكی زۆرەوە لە دواین هێرشی مووشەكی و درۆنی هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەوی 20 لەسەر 21 ی 11/  2022، بۆ سەر چەند ناوچەیەكی پارێزگای هەولێر و پارێزگای سلێمانی دەڕوانێت و بەتوندی سەركۆنەی ئەم هێرش و پەلامارە بێ پاساوانە دەكات.

پەرلەمانی كوردستان وێڕای دووپاتكردنەوە لە پێویستی پەرەپێدانی پێوەندییەكان لەگەل سەرجەم درواسێكان لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆی یەكتر و پابەندبوونی تەواو بە یاسا و رێسا نێوەدەوڵەتییەكان، هێرش و پەلاماری سەربازی لەهەر لایەكەوە بێت سەركۆنە دەكەین و پێمان وایە چارەسەر و میكانیزمی سەربازی نەك هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات، بەڵكو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتیی ناوچەیی دەخاتە مەترسی زیاترەوە.

پەرلەمانی كوردستان داوا لە حكوومەتی فیدراڵ دەكات، زیاتر بە ئەركی دەستووری خۆی بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەستێت و هەموو رێگایەكی دیپلۆماسی بۆ ئەو ئامانجە بگرێتە بەر، ئەركی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەیی و جیهانی و بەرگرتن لە پەرەسەندنی ناسەقامگیری، بە ئەركی سەر شانیان هەڵبستن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل