لە درێژەی سەردانەكەی بۆ بەغدا، ئەمشەو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ قەیس خەزعەلی، سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی حەق، لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و تەناهی عێراق و بەربەستەكانی بەردەمی و شەڕی دژی تیرۆر بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.
هەردوولا دووپاتیان لە گرنگی و پێویستی پشتگیركردنی حكوومەتی نوێی عێراق و سەرۆك وەزیران كردەوە، بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەتەكەی و كاری پێكەوەیی و هاریكاری نێوان لایەن و پێكهاتەكانی عێراق، ئەوەش لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و تەناهی و بەپیرەوەچوونی داواكاریی هاووڵاتییان لە ژیانێكی باشتر و خزمەتگوزاری و دەرەفەتی كار.
دووبارەبوونەی پێشێلكردنی سەروەریی عێراق و بەئامانجگرتن و بۆردمانكردنی هەرێمی كوردستان و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو.